نەوا-
تەندروستی ڕاپەڕین دەڵێت، تیمە پسپۆڕەكانی بەشی نەشتەرگەریی ئێسك و شكاویی و بێهۆشكاریی، سەركەوتووانە مامەڵەیان لەگەڵ حاڵەتێكی كتوپڕی مەترسیداردا كرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، نەخۆشەكە گەنجێك بوو كە بەهۆی برینی چەقۆوە لە بەشی ناوەڕاستی قۆڵی چەپیدا، دووچاری بڕانی قووڵی ماسولكەكان و خوێنبەرە سەرەكییەكان ببوو، كە بووبووە هۆی خوێنبەربوونێكی یەكجار زۆر و مەترسی لەسەر ژیانی درووست كردبوو.
ئاماژە بەوەشدراوە، بە مەبەستی ڕزگاركردنی ژیانی نەخۆشەكە، دەستبەجێ ڕێكارەكان گیرانە بەر و نەخۆشەكە گوازرایەوە بۆ ژووری نەشتەرگەری، دوای بەكارهێنانی تۆرنیكێت (Tourniquet) و كۆنتڕۆڵكردنی خوێنبەربوون، لەلایەن تیمی نەشتەرگەرییەوە گەڕان و پشكنین بۆ شوێنی برینەكە كرا خوێنبەرە زیانپێكەوتووەكان بە وردی بەسترانەوە و ماسولكە و پێستی نەخۆشەكەش چاككرانەوە.
تەندروستی ڕاپەڕین رونیشیكردەوە، ئەم نەشتەرگەرییە خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە مێژووی نەخۆشخانەكەماندا، چونكە بۆ یەكەمجار تەكنیكی بێهۆشكاری ناوچەیی (Regional Anesthesia) لە ڕێگەی سۆنارەوە (Ultrasound-guided Brachial Plexus Anesthesia) بەكارهات. هاوكات، پێشتر لەو نەخۆشخانەیەدا تەنها بێهۆشكاری گشتی، بەنجی نیوەیی و لۆكاڵی بەردەست بوو، بەڵام ئەمڕۆ توانیان ئەم خزمەتگوزارییە پێشكەوتووە بۆ یەكەمجار ئەنجام بدەین.