سەرۆك كۆماری عیراق: جەژنی نەورۆز دەرفەتێكە بۆ بەهێزكردنی گیانی یەكڕیزی نیشتمانی
3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی رۆڵەكانی گەلی كوردمان لە عیراق و تەواوی كوردانی سەرتاسەری جیهان دەكەین بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزی پیرۆز، هیوای تەندروستییەكی باش، خۆشی، خێر و ئاشتی بۆ هەمووان دەخوازین.
باسی لەوەشكردوە، جەژنی نەورۆز، بەو رەمزییەتە مێژووییە قووڵەی كە هەیەتی، بەرجەستەكەری ماناكانی نوێبوونەوە و سەرلەنوێ ژیانەوە و ئومێدە، هەروەها رەنگدانەوەی بەهاكانی ئازادی و برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانی یەك گەلە، هاوكات دەرفەتێكە بۆ بەهێزكردنی گیانی یەكڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی پرەنسیپەكانی خۆشەویستی و لێبوردەیی لەنێوان هەموو مرۆڤەكاندا.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەرۆك كۆمار رایگەیاندوە، لەم بۆنەیەدا شانازیی خۆمان بەو هەمەجۆرییە كولتووری و شارستانییەی وڵاتەكەمان پێی دەناسرێتەوە دەردەبڕین و جەخت دەكەینەوە لە سەر گرنگیی چەسپاندنی پێكەوەژیان و كاركردنی هاوبەش بۆ بەهێزكردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستەكانی گەلەكەمان بۆ داهاتوویەكی ئارام و گەشاوە.