نەوا-
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەكەدا، بەرهەمهێنانی گاز وەستاوە و ئەمەش راستەوخۆ بووەتە هۆی كەمبوونەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو دەستكەوتەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاووڵاتییانی فەراهەم كردووە لە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، لەپاش وەستانی ئەم جەنگە ئاسایی دەبێتەوە و بەردەوام دەبێت، هاوكات جەختی كردەوە، ئەو گەڕەك و شوێنانەی كە تاوەكو ئێستا ئەم خزمەتگوزارییەیان پێنەگەیشتووە، دوای كۆتاییهاتنی ئەم شەڕە بۆیان جێبەجێ دەكرێت.
لەبارەی پرسی كەمبوونەوەی گازی ماڵانەوە، ئومێد خۆشناو روونی كردەوە،چەندین رێكاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەم شەڕە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەكانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.