سیپان حەمۆ: تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لە ناو وەزارەتی بەرگریی سووریا بەردەوامە

49 خولەک پێش ئێستا
نەوا-
سیپان حەمۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا بۆ كاروباری ناوچەی رۆژهەڵات لە چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا رایگەیاند، پڕۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە" لە ناو وەزارەتی بەرگریی دەستیپێكردووە و تا ئێستا چوار لیوا بە فەرمی تێكەڵ كراون
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم چوار لیوایە لە ناوچەكانی كۆبانێ، حەسەكە، قامیشلۆ و دێریك جێگیر كراون و كار بۆ ئەوە دەكرێت پاشماوەی هێزەكانی دیكە هەسەدەش لە ناو سوپای سووریادا جێگەیان بكرێتەوە، جەختیشی كردەوە، ئامانجی وەزارەت گەیشتنە بە سوپایەكی یەكگرتوو كە لەسەر بنەمای پەیڕەوێكی ناوخۆی نوێ كار بكات و كۆتایی بە دیاردەی گرووپایەتی بهێنێت.
سەبارەت بە دۆخی عەفرین و دەنگۆی پێكهێنانی "لیوای كوردی"، حەمۆ روونی كردەوە، دەسپێشخەرییەك هەیە بۆ ئەو چەكدارانەی خەڵكی عەفرینن و پێشتر لە ریزەكانی هەسەدە بوون، بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە ناوچەكانی خۆیاندا تێكەڵی دامەزراوە سەربازییەكان ببن یان بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group