نەوا-
لە بەردەم بانكی سەیدسادق بەشێك لە جوتیارانی سنورەكەو نوێنەری جوتیاران ناڕەزایەتی خۆیان لە دابەشنەكردنی پارەی گەنمی ساڵی رابردویان لەلایەن بانكی هەرێمەوە دەربڕی و داوای خەرجكردنی پارەكانیان كرد.
سەركەوت مەحمود نوێنەری جوتیارانی سەیدسادق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، ماوەی 15 رۆژە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە چەكی پارەی گەنمی جوتیاران نێردراوە تاوەكو ئێستا بانكی سلێمانی هەوڵی نەداوە ئەو پارەیە بۆ جوتیاران خەرج بكات.
وتیشی: هەموو پارێزگاكانی عیراق و هەرێم پارەی خۆیان وەرگرتوە، بەڵام لە سلێمانی جارێك دەڵێن، مۆرەكە كاڵە سیستم نایخوێنێتەوە، جارێكی دیكەش دەڵێن نوسراوەكەیان بە هەڵە كردوەو سیولەیان نییە، تا ئێستا نادیارە كەی پارەكەیان پێدەدەن.
نوێنەری جوتیارانی سەیدسادق باسیلەوەشكرد: حكومەتی عیراق لەم نزیكانە چەكێكی دیكەی پارەی گەنم خەرج دەكات هێشتا پارەی چەكە كۆنەكەیان وەرنەگرتوە، هەوڵەكانیان چڕ كردوەتەوە بۆئەوەی ئەو پارەیەیان بۆ خەرج بكرێت.