میدیای کوردیی و بێنرخکردنی بەرھەمی خۆماڵی

د.شوان ئادەم ئەیڤەس

05/07/2020
بێنرخکردنی بەرھەمی خۆماڵی؛ ھەر بەتەنھا میدیای کوردیی و میدیاکارانی لێی بەرپرس نیین، بەڵکو خودی بەرھەمھێنەرانییش پشکی شێریان بەردەکەوێت.
لە بەرھەمھێنەری بەرھەمی ھەمەچەشنەی کولتورییەوە بیگرە، تاوەکو بە چێنەر و شەنیەری گوێز و ھەرمێ و ھەڵوژە و قەیسیی دەگات، بەدەست کەمیی ھۆشیاری میدیاییەوە دەناڵێنن. ھۆشیارییەک؛ بەر لە کڕیاران پێویستە خودی بەرھەمھێنەران پەرەی پێبدەن و بازاڕسازیی بۆ بەرھەمەکانیان بکەن تاوەکو لەرێی بەگەڕخستنی جۆر و چەشنی جیاوازی ریکلامەوە؛ کاڵا و شمەکە دەستیی و ھزریی و ناھزرییەکانیان ساغبکەنەوە.
ھیچ گومانێک لەوەدا نییە کە دەشێت حکومەت؛ پلان و پرۆژە و پرۆگرامێکی نیشتمانیی ھەنوکەیی نەبێت کە ھانی بەرھەمھێنان و پەرەپێدانی بەرھەمی خۆماڵیی بدات. رەنگە ھەشیبێت و لەژێر گوشاری وڵاتانی دراوسێدا، نەتوانێت لەکاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆدا سنورەکانی ھەرێمی کوردستان دابخات و رێگە لەھاتنی بەرھەمی دەرەکیی بگرێت. پێشبینیکراوە، خۆخۆریی و چاوچنۆکیی ھەندێ ھاوبەشی حزبیی و حکومیی و ناحکومیی ئاسانکاریی بۆ ساغکردنەوەی کولتوری بێگانە و بەرھەمی دیکەی تورکی، فارسیی و عەرەبیی بکەن؛ باکیان بە شەونخونیی و رەنجی ھزریی ھزرڤان و ھێزی بازووی جوتیارانی کورد نەبێت.
تەنانەت لەم سەروەختی پەتای بەربڵاوی کۆرۆنا و پێشتریش، گرێ و گریمانەی زۆر ھەن کە بیریان لێبکرێتەوەو بە ھۆکاری دەرەکیی سەوزنەبوونی بەرھەمی خۆماڵیی و پووکانەوەی بزانرێن، بەڵام ھیچ ھونەر و ھەڵوێست و ھاندەرێکی ناوەکیی لەوەدا نییە کە بە سەرما و گەرما ئارەقی نێوچاوان بڕێژیت و سەرقاڵی بەرھەمێک بیت؛ لەکاتی پێگەیشتنییدا و بەھۆی ساغنەبوونەوەی لەلایەن حکومەتەوە بێت یان ھەر کەس و لایەنێکی دیکەوە، لەداخاندا گڕی تێبەربدەیت و فڕێی بدەیت یان پانی بکەیتەوەو بیفلیقێنیت.
خۆ لەخراپترین دۆخدا، دەکرێت نیگەرانییەکان پێچەوانە بکرێنەوە و بکرێنە کەرەستەیەکی ریکلامیی بەرھەمھێنەران و بەرھەمەکانیان بەسەر ھەژار و نەداراندا ببەخشرێتەوە یاخود بکرێنە ئۆفەرێکی بازرگانیی و بەنرخێکی ھەرزانتر لەنرخی شیاوی خۆیان بفرۆشرێنەوە یان ئاڵوگۆڕی بازرگانییان پێوەبکرێت. دروست وەک تاکتیکی ئەو جولەکە کۆچەریانەی فەردەپیازیان دەکردە کیلۆ کیلۆ و بەنرخی عەلوە دەیانفرۆشتەوە، بەڵام قازانجیان لەفرۆشتنەوەی شەبەک یان فەردەی خاڵیکراوی پیازەکان دەکرد و بەوجۆرە کڕیاریان بۆ شمەکەکانیان زیاد دەکرد.
ناکرێت ئاستی ھۆشیاریی چێنەر و بەرھەمھێنەری کورد ھێند لاسەنگ و لاواز بێت؛ بۆ فڕێدان و سوتاندنی بەروبووم و بەرھەمەکانی ئامادەبێت لایڤی فەیسبوک بکاتەوە یان لەرێی گرتنی وێنە و ڤیدیۆ و ناردنی بۆ میدیا و میدیاکاران؛ بازاڕسازییان بۆ بکات. بەجۆرێک ئەم کارەی وەک بەشێک لەکارزانیی یان دڵگەرمیی و ھەڵوێستی ھەناسەساردی خۆی پەخش و بڵاوبکاتەوە، بەڵام بەھێندی ئەوە خۆی و خەونی بەدیھاتنی بەرھەمەکانی خۆشنەوێت و ھەمان لایڤ و ریکلام و بازاڕسازیی پێشتر بۆ ساغکردنەوەیان نەکات!
لەم ھەرێمەدا کە ھەمووشتێک بۆنی بێتمانەیی و رەنگی بێھیوایی گرتووە، ناکرێ و ناپیشەییە میدیا و میدیاکاری کورد خەمساردانە ببێتە سەربار و بازاڕسازیی بۆ لەدەستدانی ھیوا و متمانەی تاکەکان بڕەخسێنێت. ئەوەیش بەجۆرێک ببێتە کارنامەی رۆژانەیان کە بیانەوێت بەنمایشی سوتاندنی بەرھەمە ھزرییەکانی ھزرڤانان و فڕێدانی بەروبوومە کشتوكاڵییەکانی جوتیاران، سەرنج و سۆزی جەماوەری میدیاکانیان رابکێشن!
ھۆشیارکردنەوە؛ یەکێکە لەئەرکە سەرەکییەکانی میدیا کە بەداخەوە لەھەرێمی کوردستاندا زۆر بەکەمیی کاری لەسەر دەکرێت. وەگەرنا ئێستا دەبوو ئەرکی ھەنووکەیی میدیای کوردیی و کەناڵە جۆربەجۆرەکانی؛ بەھێزکردنی متمانەی تاکەکەس و برەودان بەچیرۆکەکانی سەرکەوتن و چۆنیەتی زاڵبوون بەسەر گرفت و گرێ دەروونیی و جەستەییەکانی جەماوەرەکانیان بوایە. پێویستبوو لەبری پرۆگرامی سواوی چێژبڕکێ و چێژگۆڕکێ و بازاڕگەرمیی بۆ ھەندێک «مۆدێل و مەیکەپ ئاڕتیست و بێژەر و شایەر»ی بازاڕیی و بێبەرھەم، ئەو بەھرەدار و خاوەن سەلیقە نەناسراوانە بناسرانایە کە بەھەوڵ و ھیمەتی تاکەکەسیی خۆیان، پەرەیان بەبەرھەمی خۆماڵیی داوەو دەدەن، نەک ئەوانەی لەخۆنواندن و لاساییکردنەوەدا، بێسەلیقەیەکی زۆربڵێ و ھەمەکارەن.
لەمێژوودا؛ جوتیار و رەنجدەری بیر و بازووی کورد بەخۆڕاگریی و پشوودرێژیی ناسراون، بۆیە پێویستە ئێستاش ئاشنا و ئاگاداری تەکنیکی ھاوچەرخ و لۆژیکی بەکارھێنانی و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری میدیایی بکرێن. ئەویش بەئامانجی رەخساندنی بازاڕسازیی پێشوەختەو ھەرچی زووتر برەودان بەبەرھەمەکانیان و ساغکردنەوەیان، لەبری چنینەوەی ئاخ و حەسرەت و لەدەستدانی خەون و خۆشەویستیی بەرھەمە چێنراوەکانیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group