(ينتج في أربيل) - (ينتج في السليمانية)

ئارام لوقمان

15/09/2020

لەم ڕۆژانەی پێشوو لە موصڵ بووم. لە کاتی کڕینی دەبە ئاوێک، بوونی ئەو ژمارە بەرچاوەی بەرهەمی ناوخۆیی کارگەکانی سلێمانی و هەولێر لەسەر ڕەفەی مارکێتەکە سەرنجی ڕاکێشام (پێشتریش لە بەغدا و فەلووجە هەمان شتم بینی).
دامەزراندن و بوونی ژمارەیەکی زۆری کارگە لە هەولێر و سلێمانی ووزەیەکی باشی خستۆتە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنان لە کوردستاندا. بەرهەمهێنانی سەدەها بەرهەمی کواڵێتی و باش لە بوارەکانی وەک شیرەمەنی و پاقلەمەنییەکان و زەیت و دۆشاوی تەماتە و چەندین جۆری دیکەی خواردن جێی دڵخۆشییە. ئەمە لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم نەک دەستیگرۆیی ئەم کارگانە ناکات، بەڵکو بەهۆی ئاسانی هێنان و نەبوونی هیچ باجێک لەسەر بەرهەمە تورکی و ئێرانییەکان دژایەتی بەرهەمی ناوخۆیی ئەکات (باسی بەرهەمی قاچاخەکانی نێو بازاڕەکانی کوردستان ناکەم). ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم بەرهەم ناوخۆییانەی کارگەکانی سلێمانی و هەولێر فرۆشیان زیاترە لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق وەک لە بازاڕەکانی سلێمانی و هەولێر! (هۆکار زۆرن: نرخی هەرزانی تورکی و ئێرانی لە چاو بەرهەمە ناوخۆییەکان، داگیرکردنی بازاڕەکانی کوردستان لەلایەن کۆمپانیا ئێران و تورکییەکانەوە..هتد)، خاوەن مارکێتی موسڵ هۆکارێکی دیکەی سەرنج ڕاکێشی بۆ باسکردم: بەرهەمە بەرهەمهێنراوەکانی کارگەکانی سلێمانی و هەولێر زیاتر لای خەڵک جێی باوەڕ و کوالێتیترە لە چاو بەرهەمە تورکی و ئێرانییەکان!
ئەگەر ئەم ووزە و بازاڕە بۆ بەرهەمی ناوخۆیی بەردەوام بێت لە بەرهەمە خۆراکییەکان، بنەمایەکی باش دروست ئەکات بۆ سەرجەم بوارەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group