بۆچی کابینەی نۆ هەڵەکانی ڕاست ناکاتەوە؟

بەهرۆز جەعفەر

11/09/2021

هەرێمی کوردستان، وەک هەرێم نەک وەک دەستەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان قووڵایی ستراتیژیی و پێگەی گرنگی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی:
یەکەم/ هەرێمی کوردستان تاکە ڕێگای ووشکانی سەقامگیریی لە سەروبەندی شەڕی داعشدا لەگەڵ سوریا دا هەیە، تا هێزەکانی هاوپەیمانان هاوکاری لۆجیستی جۆراوجۆری لێوە ببەنە سوریا.
دووەم/ هەرێمی کوردستان و ئەم ناوچەیە خزمەتێکی گرنگ بە پێکەوە ژیان ئەکات، پێش 2500 ساڵەوە ئاشورییەکان لەم ناوچەیەن ئەوان ستەمیان لەکورد کردوە، کەچی کوردو کەس ستەمی لەوان نەکردوە. تورکمان و عەرەب و مەسیحییەکان و کلدانییەکان  بەهەمان شێوە. بونی پێکەوەژیان خاڵێکی بەهێز و سەرنجڕاکێشی هەرشوێنێکە لەلای ڕۆژئاواییەکان و ڕای گشتی.
سێهەم/ هەرێمی کوردستان لەناو ئاگردانی شەڕی عەرەب و فارس، تورک و عەرەب، جولەکەو فارس و عەرەبدا، هاوسەنگی خۆی هەیە و تائەندازەیەک بەپاڵپشتی دەرەکی بە ئارامی ئەیبات بە ڕێوە.
بەڵام کابینەی نۆ (کە زیاتر پارتی دیموکراتی کوردستان تیایدا باڵادەستە) بەردەوام هەوڵی داوە ئەم خاڵە بەهێزانە بخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نمونە:
یەکەم/ زیاتر لە ساڵونیوێکە گیراوەکانی بادینان دەنگیان گەیشتۆتە هەموو کوچەو ناوەندێکی ئەم جیهانە، هەرچییەکیان کردبێت و تاوانباریش بن، ئامانجی کیانی گەورەی کوردیی لەوە گەورەترە بەردەوام ئەمانە لەزیندانەکانەوە باس لە چەوساندنەوەو مانگرتنی خۆیان بکەن و ناوو ناوبانگی حکومەتە کوردییەکە تێک و پێک بدەن.
دووەم/ حوکمی بیرۆکراتی پارتی و حکومەتی هەرێمی دەمێکە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا شەکەت کردوە. لەهەر وڵاتێک ئیمەیڵێک ئەنێرین بۆ سەرۆک و سەرکردەو ناوەندە ستراتیژییەکان، گورج بە تەوژمەوە وەڵامت ئەدەنەوە، چەند رۆژێکیش درەنگ بکەوێت کۆڵێک داوای لێبوردنت لێ ئەکەن. ئەگەرچی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بەو وڵاتانە دوو گەڕەکە، کەچی هیچ کام لە سەرۆک و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکایەتییەکان بەگشتی ئاگایان لەبەر دەرگاکەی خۆیان نییە، چ جای ئاگایان لە دۆخی خەڵک و نوخبەو دامەزراوەکان بێت!. ئەمە وایکردوە خاوەنی زۆرترین قوربانی بڵێت “ خۆزگەم بە بەعس!”. دەیان هەڵەو تاوان و پشتگوێخستن ئەکرێت و دەوروبەرەکان لە سەروو-خۆیانی ئەشارنەوە، یان بە ناوی ئەوانەوە ئەنجامی ئەدەن.  وەیان بە جۆرێکی تر لەئاستی ڕایی کردنی کاروبارەکاندا هیچ کارێک لەکاتی خۆیدا ئەنجام نادرێت. هەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستانە، هەرێمی کەلارو چەمچەماڵ یان بادینان و سلێمانی و هەولێر نییە.
سێهەم/ پرسی شەفافییەت و یاسای چاکسازیی، پرسێکە لەسەر پشتی کیسەڵ ڕێ ئەکات. چاکسازیی بە بڕیاری بوێرانەو دەستەجەمعی ئەکرێت، بە هەماهەنگییەکی حکومەت و داواکاریی گشتی دەست پێ ئەکات لە ژێر چاودێریی پەرلەماندا، ئیتر چاکسازیی یاسای بۆچی یە؟. دوو ساڵە سەرقاڵن بە یاسای چاکسازییەوەو سەدان ڕاپۆرت لێرەو لەوێ دراوەو ئامادە ئەکرێت و … و…تادوایی.
بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان،  ئەبێت بزانن کە لەهەموو ڕووداوێکدا وانەی گرنگ هەیە، ڕیفراندۆم ڕووداوێکی گرنگ بو، بەڵام پەند وەرگرتن لێی گرنگترە، پەندەکانیش ئەوەن کە هەر لەپێش ڕیفراندۆمەوە دیاربو، دواتریش دەرکەوت کە لەسەر هەرسێ ئاستی ناوخۆیی- عێراقیی- جیهانی ئەم سەرکردایەتییە سیاسییە هیچ زەوییەکی ئەوتۆی بەیاری نەکێڵاوە. لە ئاستی نێوخۆدا شەقامی کوردیی و نوخبەی کوردیی لە 2021 چەندان هێندەی سەردەمی ڕیفراندۆم نا-ئامادەیە!. هەموو ڕاپرسیی و تێگەیشتنەکان بەرەو ئەوەن (70٪) و سەروتری هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، مانگانە بە هەزاران گەنج ئەم ووڵاتە بە جێ ئەهێڵن. ئەمەش بەهۆی بێباکی حیزبەکان و کابینەی حکومەتەوەیە. وە بەهۆی  ئەو سێ خاڵەی سەرەوەن. کە شەقامیش ئامادە نەبو، حیزبەکانیش تەقەو ڕەقەیان تێ ئەکەوێت (وەک تێی کەوتوە) کەوابو لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نابن کە یەکێتی ئەوروپاو فەڕەنساو وڵاتانی دیکە چاوەڕوانی ئەکەن، کە ئەمەش بو ئیتر گومانی وەک حکومەتە پڕچەک کراوەکەی ئەفگانستان و ئەشرەف غەنی ئەکەوێتە سەر حوکمڕانییەکەی هەرێم لە ئانوساتی هەر ڕووداوێکدا بەرگەی دە ڕۆژ ناگرێت…
چوارەم/ گرێبەستە نەوتییەکان، لە 2006 ەوە تاوانێکی ئابورییە و شارەزایانی ناو حوکمڕانییە کوردییەکە چاوی خۆیانی لێ ئەنوقێنن!. سەیری مێژووی دامەزراندنی زۆربەی ئەو کۆمپانیا بێ ئەزمونانە بکەن کە گرێبەستی گەڕان و پشکنین و دەرهێنانی نەوتیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە، هەمان مێژووی دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە، هەیانە ساڵێک یان دووان پێشوتر، یان ساڵێک و دووان دواتر، ئەوەش یانی برادەرانی پارتی و یەکێتی خۆیان لە دەرەوە کۆمپانیایان تۆمارکردووەو خۆیان هاتوون گرێبەستیان لەگەڵ خۆیان کردووە. تەماشای کۆمپانیا بە ئەزموون و گەورەکانی دونیاش بکەیت ، هەمویاژ یان زۆربەیان هەرێمی کوردستانیان بە جێهێشتوە یان پشکەکانی خۆیان فرۆشتووە بە کۆمپانیا پاتاڵەکان، وەکو ئەکسۆن مۆبیل و بی پی و تۆتاڵ  و گەنەڵ ئینیرجی  کە کێڵگەکانیان بە جێهێشتووە. ئەنجامی ئەوەش ئەوەیە ژێر زەوی و کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان هەمویان بەرەو تێکچوون ئەچن، ژینگەیەکی پیستر، تێچووی بەرهەمهێان و کارکردن زۆر زیاترە، ئەوەش سەرچاوەی قەیرانە داراییەکەی هەرێمی کوردستانە. بەرمیلیک نەوت لە ناوەراست و باشوری عێراق تێچووی کارکردنەکەی (2$) دۆلارە بەڵام لەهەرێمی کوردستان (11$) یانزە دۆلارە!. وەزیری سامانە سروشتییەکان لە 28 ی حوزەیرانی 2021) لەپەرلەمانی کوردستان لەبری بڵێت ئەمە تاوان و نەعلەتی ئەو گرێبەستانەیە کراون، ئەڵێت ئەمە قەدەری ئیلاهییە کە دۆخی جیۆلۆجی کێڵگەکانی هەرێمی جیاوازو پێچاوپێچە لەچاو ئەوانەی لە عێراقدا!.
نا-عەدالەتی هەموو شوێنێکی داپۆشیووە. لە کەلتوری حوکمڕانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا، دەستەواژەی بەرپرسیارێتی هاوبەش-Common Responsibility  هەیە، ئەمە لەوێوە دێت کە هاوڵاتی هەست بکات ئەو هەیە. ئایا ئێمە هەین لە چوارچێوەی ئەم کابینەو فەرمانڕەواییە کوردییەدا؟!. هەست ئەکەم هەر هیلاکەتی ڕۆحی و کاتکوشتنە!. نازانم!. ئێمە بێ ئەوەی هیچ مافێکمان لەم ئەزمونەدا هەبێت زۆرترین ئەرک و خەمی خۆمان نیشانداوە، هیوادارم لەمەغزاکانی ئەم نوسینەو بێزارییەکان تێ بگەن، بۆ ئەوەی دۆخێکی بێزراوتر ڕوونەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group