دیسانەوە كێشەی موچە!

د.ئیدریس عەبدول كاكە

4 رۆژ پێش ئێستا

ساڵانێكی زۆرە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆتە بابەتێكی گەرم و رۆژانەی  بازار، مەجلیسە كۆمەڵایەتیەكان، بازاری سۆشیەڵ میدیا و راگەیاندن و … هتد، لێرەدا ئێمە نامانەوێت جارێكی تر باس لە جەوهەری بابەتەكە و بنەمای كێشەكەو رێگا چارەسەرەكان بكەین چونكە پێشتر باس كراون.
ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە كە لەم رۆژانەدا لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان لێدوانێكیان بەناوی ئەندامێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران بڵاوكردەوە كە بەرێزیان دوعا لەوەزیری دارایی عێراق (تەیف سامی) ئەكات و ئەڵێت گەردنی ئازاد نەبێت و خوا حەجەكەی لێ قبوڵ نەكات. 
ئەم قسانەی ئەم بەرێزە دوایی ئەوە دێت كە دیسان حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی كێشەیان بۆ مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست كردووە.
من ئەم پەرلەمانتارە بەرێزە لە نزیكەوە ناناسم ، زۆریش دڵنیا نیم لەوەی وای ووتووە یاخود نا !!بەڵام ئەوەی گرنگە بیزانین ئێمە بۆچی كەسانێك هەڵئەبژێرین و ئەیانكەین بەنوێنەری خۆمان لە پەرلەمان؟؟؟ 
كاری پەرلەمان و پەرلەمانتار چیە؟؟؟
بەكورتی و پوختی پەرلەمان دوو ئەركی سەرەكی هەیە: 

١- دارشتنی یاسا بۆ رێكخستن و بەرێوەبردنی كۆمەڵگا و ژیانی خەڵك .
٢- چاودێری كردنی كارەكانی حكومەت (دەسەڵاتی جێبەجێ كردن) لە جێ بەجێ كردنی ئەو یاسایانەی بۆی دانراوە.
واتا پەرلەمان و پەرلەمانتار ئەگەر لەچوارچێوەی بەدواداچوون و چاودێری كردنی حكومەت ( دەسەڵاتی جێ بەجێ كردن) بۆیان دەركەوت كە حكومەت كەمتەرخەمە یان بەپێچەوانەی ویستی یاسادانەر جوڵەی كردووە ئەوا رێكارە یاساییەكانی لەدژ ئەگرنە بەر، هەر لە ئاراستەكردنی پرسیار داواكردنی روونكردنەوە تاكو پرساندن و لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیر تاكو   دەگات بە لێسەندنەوەی متمانە لەكۆی حكومەتەكە.
بەڵام ئەوەی سەیرە لەم بابەتەدا ئەوەیە ئەم پەرلەمانتارە بەرێزە لە جیاتی ئەوەی بەخەڵك بڵێت كە چ رێكارێكی یاسایی گرتۆتەبەر و چارەسەر چیە، بەرۆكی خۆی دادڕیوەو دەستی لە ئاسمانە دوعا لە وەزیری دارایی عێراق ئەكات!!!
خەڵك ئەم بەرێزەو ئەوانی تری نەناردووە بۆ پەرلەمان تاكو دوعایان بۆ بكەن بەڵكو بەو هیوایەن ئەم بەرێزانە گوایە نوخبەن لە قسەزانی، گەورەی عەقڵ و لێزانین، دیبلۆماسیەت و یاساناسی و سیاسەت كردن تاكو شەر لەسەر مافەكانیان بكەن نەك دوعاكردن و دەست لەئەژنۆ بوون ،
چونكە ئەگەر كارەكە دوعا كردن بێت لەوانەیە دوعای پیرێژنێكی بێ كەس كە مووچەكەی دووسەد هەزارە زۆرتر كاریگەرو گیرا بێت لەم پەرلەمانتارە تێروپڕانە، بۆیە خەڵك شەری یاسایی و سیاسی و لۆجیكی لە ئێوە دەوێت نەك پارانەوە.
بەداخەوە بەوە كۆتایی پێ ئەهێنم ، پیاوێكی تێكۆشەری دنیا دیتەمان هەبوو خەڵكی ناوچەی گەرمیان بوو ، كە ئێستا لە ژیاندا نەماوە، رۆحی شاد بێت، ئەگەر كارێكی چەوت و نارێكی ببینیایەو دەسەڵاتیشی نەبوایە چارەسەری بكات ئەیوت (بەخوا ئیتر بێژین چی).
ئێمەش دواجار هەر ئەبێت بڵێین بەخوا ئیتر بێژین چی؟

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە، تەنها گوزارشتن لە بیروڕای خاوەنەكانیان...

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group