یەكەم: هەر كە كەوتنە هەڕەشەكردن هۆشداریمان پێدان كە ئەمە موجازەفەكردنە بە مووچەی خەڵكەوە، گوتمان «هەڕەشە حیكمەتی حوكمڕانی تێدا نییە» گرێبەستی غاز دەكەن و دەڵێن حساب بۆ بەغدا ناكەین! فەرموون لە ١١٠ ملیارەكەی غاز كە بەهارتان پێهێنا چۆكان مووچە بدەن! دووەم: ئێوەی هەڕەشەچی هەتا ئێستا بەشێكی سەرەكی ئەم حكومەتەی سودانین، وەزیرەكانتان لە هەموو كەس باشتر دەزانن كە تەیف سامی فەرمانبەری بەردەستی سودانییە نەك وەزیر بەمانا ڕاستەقینەكەی، ئێوە ئەگەر یارییەكی سیاسیی دزێو بە ژیانی خەڵكی هەرێمەوە ناكەن، فەرموون لە بەغدا بكشێنەوە! سێهەم: ئێوە كە حەماوەتان هەڵدەستێ دەكەونە قسە گەلێك كە دوور و نزیك پەیوەندییان بە حوكمڕانی تەندروستەوە نییە، لە نمونەی ئەوەی خەڵك مووچەی ناوێ كەرامەتی دەوێ، قسەگەلی لەمجۆرە درێژەدانە بە خوڵقاندنی ئەو مەینەتیانەی كە حەفتا ساڵ زیاترە بە گوتارێكی قەومی قەبەی نابەپرسەوە بۆ خەڵكی كوردستانی دروست دەكەن! چوارەم: ئێوە فێری ئەوەبوون حساب بۆ كەس نەكەن، حساب بۆ خەڵك ناكەن كە بێ مووچە بێت، حساب بۆ عێراق ناكەن، سەروەختێك ڕوتان لە ڕوسیا بوو حسابتان بۆ ئەمریكاش نەدەكرد، ئاخر بۆ؟! هەر لەبەر ئەوەی دەوڵەمەند بوون و پارەتان هەیە و چەكتان هەیە؟! پەرلەمانتان خەواندووە، باكتان نییە، حكومەت سێ ساڵ زیاترە ناشەرعییە لاتان ئاساییە، ئێوە بەڕاست خەمی چیتانە، خۆتان نەبێت؟! پێنجەم: بەو بەرە جەژنانە دیسان لەنێوان دێت و نایەتی مووچەدا خەڵك دڵەڕاوكێیەتی، ئێوەش خەریكی ئامادەسازی سەفەركردن بۆ بەسەربردنی ڕۆژانی جەژن، شورەیی نییە؟! مەڵێن هەڵوێستی حكومەتی عێراق سیاسییە بەرامبەر مووچە، ئاخر باسی كام حكومەت دەكەن حكومەتەكەی فوئاد حسێن یان خالد شوانی؟! پاشان بەڕاست ئێوە خۆتان بە یاسا داهاتی هەرێم بۆ خۆتان دەبەن یان بە هێزی حزبی و سیاسی؟! ئێوە بە یاسا داهاتی نەوتی قاچاغ بۆ خۆتان دەبەن یان بە زەبری هێزی چەك! ئێوە كە دیوێكی تری حكومەتی عێراقن باسی یاسامان بۆ مەكەن، خەڵك مووچەی دەوێ! ئێوە بوون وەصف و سەنای سودانیتان دەكرد، ئێمەومانان ڕەخنەمان لێدەگرت، دە فەرموون بزانن سودانییەكەتان بۆ وادەكات؟! بەهەرحاڵ وەك گوترا؛ مووچە بدەن بە خەڵك و كەرامەتیش بەسەرخۆتاندا دابەش بكەن. ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە، تەنها گوزارشتن لە بیروڕای خاوەنەكانیان...