نەوا-
وەزارەتی كارەبای عێراق دەستپێكردنەوەی هەناردەی غازی ئێرانی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە عێراقدا راگەیاند.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی سەباح رایگەیاندوە، تۆڕی كارەبای نیشتمانی سەقامگیرە و دەستپێكردنەوەی دابینكردنی غازی هاوردە بەشداریكردوە لە كارپێكردنی یەكە زیانلێكەوتوەكان لە وێستگەی كارەبای بێسمایە و یەكەیەكی بەرهەمهێنان لە وێستگەی كارەبای مەنسورییە لە دیالە.
ئاشكراشیكرد، پلانەكانی وەزارەت بەپێی خشتەی دیاریكراو بەردەوامن، لەوانەش كاری چاككردنەوە، نۆژەنكردنەوە و فراوانكردنی وێستگەكانی كارەبا، بە ئامانجی گەیشتن بە ئامادەیی تەواو پێش لوتكەی خواستی هاوین.
وەزارەتی كارەبای عێراق لە راگەیەندراوێكدا رونیشیكردۆتەوە، وەزارەت كاردەكات بۆ بەرزكردنەوەی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی بەكارهێنانی غازی ناوخۆ و سوتەمەنی ناوخۆیی بۆ دڵنیابون لە كارپێكردنی بەردەوامی وێستگەكانی كارەبا بەبێ پچڕان.