هەموو شت لەپێناو ئیسرائیل بە شێخ مەقسودو ئەشرەفییەشەوە

هاوكار قادر

20 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەوەی چەند رۆژێکە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی ناو حەلەبی باکووری سوریا دەگوزەرێت، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەی داڕشتنەوەی ناوچەکە لە چوارچێوەی خۆرهەڵاتی نوێی ناوەڕاستدا. کوردیش هەم ئازاری پێدەگات، هەم رەنگە بەشێک لە دەستکەوتی پێ رەوا ببینرێت.
لەم خوێندنەوەیەدا، سۆز و عاتیفەی کوردی کاریگەری نییە لەسەرم، بەڵکو تێگەیشتنی خۆمە لەوەی دەگوزەرێت، نەك ئەم دوو رۆژە، بەڵکو لە سەرەتای بڕیاردانی گۆڕانکارییەوە، ئەڵقەکان دەستیانپێکردووە و زنجیرەکەش چەند سیزنێکی ماوە کورت و ماوە درێژن، دەرئەنجامیش خۆرهەڵاتێکە، کە ئیسرائیل تێیدا پارێزراوبێت و سەنتەربێت لەگەڵ ئەوەشدا سەید بێت.
شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، دوو گەڕەکە گەورە کوردییەکەی حەلەبن، لە سروشتی جوگرافیای کوردستانی رۆژئاوادا دوورن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" واتە ئەو رووبەرەی پێی دەوترێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریی لە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی سوریا. روونتر واتە ناوچە کوردستانییەکان لە یەک رووبەردا نین و لە یەك دابڕاون، ئەو دابڕانە بە ئازارە بۆ کورد، لەوە بە ئازارتر ئەوەیە رەنگە دابڕانەکان هەمیشەیی بن (بە لانی کەمەوە تا ئەوکاتەی داڕشتنەوەی دیکە دێتەئاراوە).
با روونتری بکەمەوە؛
سوریا بە هەموو پێکهاتە و ناوچەکانەوە، بە هەموو هێز و رەنگەکانەوە، نابێتەوە بەو سوریایەی پێشتر وەك یەك وڵات دەناسێنرا، ئەوە نەما، بەڵکو دابەشبوونی رانەگەیەندراو هەیە، دیفاکتۆیە.
هەسەدە ناوچەکانی دیارە و بە دیاریکراوییش دەمێنێتەوە، کە زیاتر بە خۆرهەڵاتی فورات ناسراوە. لە ناو حەلەب و عەفرین و ناوچەکانی دیکە ئیتر بوونی نابێت، کورد وەك هاووڵاتی ناوچەکەی خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام دەسەڵاتی هیچی نابێت وەك نەتەوە و وەك هێزی بەڕێوەبردن.
هەرچەند بە زیکزاکی لەگەڵ ئیسرائیل وردە قسە و پەیوەندی هەبێت، تۆزقاڵێك لە ستراتیژ و دنیابینی جوو ناگۆڕێت بۆ ئەو ئیسرائیلەی خەونی باووباپیرانیانە و لەدوای رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە بڕیاری هێنانەدی خەونەکەیان داوە (لە نیلەوە بۆ فورات).
ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتە کاتییەکەی وەك ئەوەی ئێستا دەمێنێتەوە، شکڵی حکومەتی پێدەدرێت، بەڵام لەو سنورە جوگرافییەی ئێستا هەیەتی و لەوانەی دیکە فراوانترە.
شەرع هەموو ئەو شوێنانەی پێدەدرێت، کە شەرعییەتێکی حکومەتی هەبێت (بەس حکومەتێکی لەرزۆك نەك حکومەتی دەوڵەتێکی بەهێز).
دروز هەر زوو خۆی بۆ یەکلاکرایەوە و ئاڵای ئیسرائیلی لە ناوچەکانی نفوزیدا بەرزکردەوە. سوەیدا بە مەعقەلی دروز دەمێنێتەوە و وردە وردە شەرعیەتی خۆبەڕێوەبردنی بۆ دروستدەکرێت. ئەوان پشتیوانی یەكەم و کۆتاییان تەلئەڤیڤە. دەیان هەزار سەربازیان لە سوپای ئیسرائیلدا هەیە (کەسوکارەکانیان، کە لە چوارچێوەی ئیسرائیلدا دەژین).
عەلەوی، کە شادەماری حوکمڕانیی بنەماڵەی ئەسەد بوون، لێکەوتوون و دەستبەسەرن لە کەناراوی خۆرئاوای سوریادا، بەڵام جموجوڵیان هەیە و دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەرییان هەبێت.
کەواتە سوریا دەبێتە چەند ناوچەیەکی خۆبەڕێوەبەری و شێوەی دەوڵەتۆچکەی بچوك وەردەگرێت. ئەمەش خواستی یەکەم و کۆتایی ئیسرائیلە. کە ئێستا بە فیعلی هێزی سەربازی و هەواڵگریی لە باشور و باشوری خۆرئاوای سوریادا هەیە و دیمەشق هەر ناوێرێت باسیان بکات.
لەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە نوێیەی ئیسرائیل دەیەوێت بەدیبهێنێت، سوریای بۆ یەکلابووەتەوە. نابێت سەرئێشە هەبێت جا هەر کەسێك بێت ئەوان رایدەماڵن، نابێت ئەو زرم و کوتە بەردەوام بێت، کە لەدوای رووخانی ئەسەدەوە هاتووەتەئاراوە.
تەماشا بکەن، تورکیا چەند جار هەوڵیداوە هێزی سەربازی و بنکەی سەربازی و ناوەندی فڕۆکەخانەی سەربازی لە قوڵایی سوریادا هەبێت؟ هەر هەمووی پوچەڵکراوەتەوە، کە دواهەمینیان لە تەدمور بوو. با تۆزێك سەربازی هەبێت لەسەر سنوورە هاوتەریبەکەی لەگەڵ سوریا، بەڵام لەوە زیاتر بۆی نییە قاچ رابکێشێت.
دەستی کەنداو لە سوریادا هەیە، بەڵام سنووردارە و لە خزمەتی رێککەوتنی ئیبراهیمیدایە.
عیراق پاشەکشێی پێکرا و فریای ئەوە کەوت سەر سنوورەکەی لەگەڵ سوریا دیواربەند بکات.
روسیا لەوپەڕی لاوازیدا ماوەتەوە لە بەشێکی زۆر بچووکی کەناراوی خۆرئاوادا.
ئێران هەر زوو پاشەکشێی کرد لەگەڵ رووخانی ئەسەد بوونی نەماوە و باڵیۆزخانەکەی ماوەتەوە، کە هێرشیشی کرایەسەر.
ئوردن بەس ئاگای لە سنوورەکەی خۆیەتی و دەمێکە خۆی یەکلاکردووەتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
لە لوبنان هەموو هەوڵێك هەیە بۆ نەمانی حزبوڵڵا، چەکداماڵین و دواتر نەهێشتنی رێکخستنی حزبەکە. وەك دەوڵەتیش نایەوێت نە توخنی ئیسرائیل بکەوێت، نە ئیسرائیل توخنی بەیروت بکەوێت.
کەواتە سوریا بەو بەش بەشکراوییە رانەگەیەندراوە، چیتر ترسی قۆچەقانێیەکی نامێنێت لەسەر ئیسرائیل. جگەلەوەش رێککەوتن لە دوای رێککەوتن لەنێوان سوریای (ئیسلامیی عەرەبیی توندڕەوی پابەند بە بچوکترین وردەکاریی ئیسلامەوە) و ئیسرائیل ئیمزادەکرێت، دواهەمینیان لە فەرەنسا بوو، کە جارێ پێکی شەراب و شەربەت تێنەکرابوو، هەنگاوەکانی لە دڵی حەلەبەوە جێبەجێکرا.
بەتێپەڕبوونی کات، وێنەکە زیاتر روون دەبێتەوە، وڵات بە وڵاتی ما بەینی نیل و فورات دەبێت ئامادەبن بۆ خۆرهەڵاتی نوێی ناوەڕاست.
ئێران و یەمەن و سۆماڵ، کە دەکەونە دەرەوەی ئەو مابەینە، دەبێت ئەوانیش چیتر ترس نەبن لەسەر ئیسرائیل. ئەوان چۆن حەل دەبن؟ وێنەکە کەمێك تەمومژاوییە.
لە ئێران خۆپیشاندان هەیە، وێنە و ڤیدیۆی سۆشیال میدیا هیچی وێنە گەورەکە و قەبارەی خۆپیشاندانەکە بە راستی و دروستی دەرناخات. رەنگە خۆپیشاندانەکان گەورەبن، رەنگە بە میدیا و هۆکارەکانی، زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە نیشان بدرێت، بەڵام جوڵەیەك هەیە.
یەمەن ئەو باشوورەی هەر لێ دەکرێتەوە، ئەوەی لەسەر دەریا و نۆکەندێکی وەك بابولمەندەب بێت، هەر دەبێت بۆ دۆستایەتی لەگەڵ ئیسرائیل مسۆگەر بکرێت، مەجالی تێدا نییە.
سۆماڵ، هەرچەندە ئێستا لە ئینعاش هێنراوەتە دەرەوە و خەریکە دەبێت بە وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر بە رێژەیەکی باش، بەڵام هەردەبێت پەرتەوازە بێت (ئەویش وەك کوردستان نەفرەتی جوگرافیای لەسەرە). سۆماڵیلاندی لێکراوەتەوە و هەر بە رەسمی ئیسرائیل ئیعتیرافی پێکردووە و هەفتەی پێشووش جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە سەردانێکی رەسمی لەوێ بوو.
ئەوەی هەیە؛ پەرت بکە و زاڵ بە.
ئەوەی هەیە؛ ئیسرائیل هاتووە و ناگەڕێتەوە.
ئەوەی هەیە؛ ئەمریکا هەموو شت بۆ ئیسرائیل دەکات.
ئەوەی هەیە، ئیسرائیل و ئەمریکا و لۆبی جوو بە هەموو قورساییانەوە هاتوونەتە پێشەوە بۆ گۆڕانکارییە گەورەکە.
ئەوەی هەیە؛ خەوی قووڵی ئەو جیهانەیە، کە بە ئیسلامی و عەرەبی ناسراوە.
دواجاریش ؛
ئەوەی هەیە؛ نەفرەتی پارچە پارچەیی کورد و نەبوونی ستراتیژیی کوردی و کارنەکردنی گەورانەی کوردە.
ئەمانە خوێندنەوەن بۆ وەزعەکە، رەنگە هەمووی پێچەوانەکانیان راست بن. بەس پێمخۆشە گەورانە بیربکەینەوە.

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group