موقتەدا سەدر: میلیشیا بێشەرمەكان هۆكاری كوژرانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانن

2 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە لە عێراق رایگەیاند، میلیشیا بێشەرمەكان، رەفتارەكانیان و رێگریكردنیان لە كۆنترۆڵكردنی چەك لە لایەن دەوڵەتەوە، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی جەنگاوەرانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان.
رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە لە پەیامەكەیدا كە لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە، كردەوەی میلیشیا بێشەرمەكان و نەگەڕاندنەوەی چەك بۆ دەستی دەوڵەت، بووەتە هۆی كوژرانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان بەبێ هیچ هۆكارێكی رەوا.
موقتەدا سەدر ، بە توندی رەخنەی لە سەركردەكانی ئەو گرووپانە گرت و دەڵێت: لە كاتێكدا ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان دەكوژرێن، گەورەكانی ئەو میلیشیایانە لە ناو خۆشیدا دەژین و سەرقاڵی بازرگانیكردنن، هەروەها داوای كرد كە كۆتایی بەو جۆرە رەفتارانە بهێنرێت كە بە تاكەكەسی و ناعەقڵانی وەسفی كردن.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەدر سەرەخۆشی لە بنەماڵەی كوژراوان دەكات، بەڵام جەختی كردەوە، هیچ سەرەخۆشییەك بۆ ئەو كەسانە نییە كە رەفتارەكانیان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو كەسانەی لە هێرشەكاندا كوژراون. 
ئەم پەیامەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانی شیعە دوای ئەوە دێت، شەوی 29ـی تەممووز لە هێرشێكی هاوبەشی نێوان سوپای ئەمریكا و سعوودیەدا چەند پێگەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق كرانە ئامانج، بە هۆیەوە 20 چەكدار كوژران و 32ـی دیكەش بریندار بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group