ئامادەكارییەكان بۆ دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمان كۆتایی هاتووە

09/06/2019
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان باس لە ئامادەكارییەكان بۆ دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم لەو دانیشتنە دەكات و ئەوەش دەڵێت: "رۆژی سێ شەممە پارتی ناوی كاندیدی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پێشكەش دەكات".
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هەموو ئامادەكارییەكان بۆ سوێندخواردنی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان كراوەو ئەوەی رۆژی دووشەممە ئەنجامدەدرێت دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستانەو براوتە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، ئەوەش بەهۆی ئامادەبوونی میوانێكی زۆر كۆبوونەوەكە براوەتە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا چونكە هۆڵی پەرلەمانی كوردستان شوێنی میوانێكی زۆری تێدا نابێتەوەو بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كارێكی لەوجۆرە رێگە پێدراوە.
باسی لەوەشكرد، "ئامادەكاری پێویست بۆ دانیشتنی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی كوردستان كراوەو لە دانیشتنەكەدا كاك نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستان سوێندی یاسایی دەخوات".
سەبارەت بەوەی راسپاردنی كاندیدی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەكراوەیی هێشتنەوەی دانیشتنی رۆژی 10ی حوزەیرانی پەرلەمانی كوردستان، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا وتی: "دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بە كراوەیی دەهێڵرێتەوەو لە رۆژی داهاتوو فراكسیۆنی پارتی ناوی كاندیدی سەرۆكی حكومەت پێشكەش دەكات و لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە رادەسپێردرێت تاوەكو لەماوەی 30رۆژدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group