بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا: هیچ شتێكی فەرمی بۆ دامەزراندنی مامۆستایان نییە

06/07/2019
بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی

نەوا-كاروان مەحمود 
بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ شتێكی فەرمی لەبارەی دامەزراندن و كردنەوەی گرێبەست نییە بۆ ئەو دەرچووانەی دەیانەوێت وەك مامۆستا وانە بڵێنەوە، ئەوەشی وت: "دانانی وانەبێژ رەنگە بەشێوەی ساڵی پار بێت و زیاتر ئەو كەسانە دادەنرێتەوە كە پێشتر لە قوتابخانەكان وانەبێژ بوون".
بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بۆ دامەزراندنی مامۆستایان بەشێوەی گرێبەست ئەو پرسە پەیوەستە بە توانای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوەو ئالیەتی دامەزراندنیش بەشێوەی گرێبەست لە ساڵی 2013ەوە وەستێنراوەو نەكراوەتەوە تەنها نوێكردنەوە بۆ ئەو كەسانە دەكرێت، كە پێشتر وەرگیراون، بۆ ئەوەش بەمەبەستی دانانی مامۆستای پێویست بەتایبەت لە قوتابخانەكانی دەرەوەی شار بەشێوەی وانەبێژ مامۆستایان بۆ دادەنرێت و وانەبێژیش بۆ ئەوكەسانە دەبێت كە دەرچوونی یەكێك لە كۆلێژەكانی پەروەردەن، هەندێكجاریش بۆ ئەو شوێنانە مامۆستای وانەبێژی ئەو بابەتە دەست نەكەوێت بە دەرچوویەكی كۆلێژێكی دیكە كە نزیك بێت لە پسپۆڕیەكە مامۆستای وانەبێژی بۆ دیاری دەكرێت.
وتیشی: "ساڵی پار فۆڕمێك لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە دیاریكراو درایە یەكەی سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەكان و لەمانگی هەشتەوە دابەشكران بەسەر ئەو كەسانەی دەیانویست بەشێوەی وانەبێژ، وانە بڵێنەوە دواتر یەكەی سەرپەرشتیاری  بەڕێوەبەرێتی پەروەردەكان لە رێگەی گەرانی سەرپەرشتیارانەوە توانی بەپێی پێویستی قوتابخانەكانی سنورەكەی مامۆستای وانەبێژ وەربگرێت بەپێی ئەو پسپۆڕییەی كە پێویستە لە قوتابخانەكان".
باسی لەوەشكرد، بۆ ئەمساڵیش رەنگە بەهەمان شێوازی ساڵی رابردوو بێت بەڵام پێدەچێت زیاتر ئەوكەسانە دابنرێنەوە كە پێشتر لە قوتابخانەكان وانەبێژ بوون ئەویش بەپێی هەڵسەنگاندنی قوتابخانەكەی و سەرپەرشتیاری وانەكە، ئەگەر وانەبێژێك پەیوەندی نەكاتەوە ئەوكات لە رێگەی ئەو فۆِمانەی ساڵی پار دابەشكراون پێداچوونەوە دەكرێت چونكە ژمارەیەكی زۆر فۆڕم پڕ كرایەوەو ژمارەیەكی كەمتر وانەبێژ وەرگیران، بۆ ئەوەش فۆڕمەكانمان لەبەر دەستەو پێداچوونەوە دەكەین بەپێی پێویست مامۆستای وانەبێژ دیاریدەكرێت.
سەبارەت بە دەنگۆی دامەزراندن و كردنەوەی گرێبەست بۆ مامۆستایان، بەكر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بۆ رادیۆ نەوا وتی: "ئەوپرسە دەكەوێتە سەر كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئایا توانای دامەزراندنی دەبێت لەو ژمارە دامەزراندنەش پێی دەچێت پشكێك بۆ وەزارەتی پەروەردە دیاری بكرێت، بەڵام تائێستا بەفەرمی هیچ شتێك نییە باس لە دامەزراندنی مامۆستایان بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group