ئەگەر هەیە دوو پارێزگای نوێ بۆ عیراق زیاد بكرێن

16/07/2019 عێراق

نەوا
وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاشكرایكرد، ئەگەری هەیە دوو پارێزگای دیكە بۆ عیراق زیادبكەن ئەوانیش پارێزگاكانی "شامیە" و "سوێڕە"ن.
عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاشكرایكرد، لەسەر فەرمانی نوری سەباح دلێمی وەزیری پلاندانان داوا لە هەردوو حكومەتی خۆجێی دیوانیە و واست كراوە پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ شامیەو سوێڕە دابین بكرێن بۆئەوەی بگەنە ئاستی پارێزگا.
ئاماژەی بەوەشداوە، پرۆسەی گەشەپێدانی ئەو دوو ناوچەیە بەپێی مادەی 21ی پارێزگاكانی ساڵی 2008ە هەروەها پێویستی بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەیە، چونكە هەر گۆڕانكارییەكی ئیداری یان گۆڕینی ناو و ناوەندی پارێزگا پێویستە ئەنجومەن رەزامەند بێت.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان رونیكردوەتەوە، ئەو داواكارییە پێویستی بە پشتگیری سەرۆكایەتی یەكە ئیداریەكان هەیە بۆئەوەی بچنە سەر پارێزگا نوێیەكە هەروەك پێویستی بە پشتگیری نوێنەرانی پارێزگا نوێیەكە و عەشیرەتەكانی ناوچەكەش هەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group