نەوا
حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشاندا لەسەر بنیاتنانی دورگەیەكی نەوتی سەرئاوكەوتو لە ئاوی هەرێمی لە پارێزگای بەسڕە.
فەیاز حەسەن بریكاری وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای هەڵسەنگاندنی پڕۆژەی بنیاتنانی دورگەیەكی نەوتی سەرئاوكەوتو لە ئاوی هەرێمی لە باشوری بەندەری بەسڕە، حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە سەبارەت بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، كە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە ئامانج لێی ئەوەیە ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە باشورەوە لە دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بۆ سێ ملیۆن بەرمیل زیاد بكرێت.
لەئێستادا عیراق رۆژانە چوار میلۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەوڵدەدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكات و بیگەیەنێتە سەرووی پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
لەو بڕە نەوتە بەرهەمهاتووە لەئێستادا، عیراق رۆژانە سێ ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلی لە رۆژێكدا هەناردە دەكات.