" هەندێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی رازی نین بە كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك"

02/08/2019

نەوا


كارگێڕێكی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت كە هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەن لە لیستی برایەتی ناڕازین بە كاندیدكردنی تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگار و وتی "باشترە بەر لەهەر كۆبونەوەیەك چارەسەری ئەو ناڕەزایەتییە بكرێت".
 فەهمی فایەق، كارگێڕی لقی كەركوكی پارتی، بەسایتی كەركوك ناوی راگەیاندووە: "شتێك هەیە لە پرسی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك كە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، ئەوەش ئەوەیە هەندێك لە ئەندامانی ئەنجومەن لە لیستی برایەتی ناڕازین بە كاندیدكردنی تەیب جەبار وەك كاندیدی یەكێتی و پارتی بۆ پۆستی پارێزگار، چونكە لەكۆتاییدا ئەوان بڕیار دەدەن، ئەمەش پرسێكە یەكلانەبۆتەوە."
وتیشی: "یەكێتیی و پارتی ئیعتیبار بۆ هەڵوێستی ئەو ئەندامانە دادەنێن و چاوەڕوانی وەڵامی كۆتایین بۆ گرێدانی كۆبونەوەی ئەنجومەن".
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، 11ی تەمموزی 2019 بڕیاریاندا بە كاندیدكردنی تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، وەك كاندیدی هاوبەشی لیستی برایەتی لە ئە‌نجومەنی پارێزگا. بۆ ئەوەش بڕیاریاندا لەگەڵ عەرەب و توركمان گفتوگۆ بكەن و لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێنا، بەڵام هێشتا ئاسۆی ئەو گفتوگۆیە و كۆبونەوەی ئەنجومەنیش دیار نییە بۆ هەڵبژاردنی تەیب جەبار بۆ پارێزگار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group