كچە كوردێكی عیراقی پەنابەر چارەكە سەدەیەك لە گۆگڵ بەدوای پیاوێكدا گەڕا

15/08/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
دوای گەڕان بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەك بەدوای پیاوێكدا، كچێكی كوردی پەنابەر لەكۆتاییدا بەئاواتەكەی گەیشت و ئەو كەسەی دۆزییەوە، كە بەمنداڵی ژیانی گۆڕیبو.
سەرچاوەكانی هەواڵی جیهان بڵاویانكردوەتەوە، مێڤان بابەكری تەمەن 29 ساڵ دوای ئەوەی چارەكە سەدەیەك بەدوای پیاوێكدا گەڕا، كە بە منداڵی دیارییەكی بۆ كڕیوە و ژیانی گۆڕیوە، لەكۆتاییدا بەهاوكاری هەزاران كەس دۆزیویەتیەوە.


بەوتەی مێڤان، لەساڵی نەوەدەكانی سەدەی رابردودا لەگەڵ خێزانەكەیدا لە عیراقەوە رویكردوەتە توركیا و دواتر بۆ ئازەربایجان و پاشان روسیا و لەوێشەوە بۆ كەمپی (زڤۆڵە)ی پەنابەران لە هۆڵەندا، لەو كەمپەدا پیاوێك، كە لە تیمی هاوكاری پەنابەران كاری كردوە، كاریگەرییەكی قوڵی لە دڵی مێڤاندا دروستكردوە ئەویش بەوەی پاسكیلێكی سوری بۆ كڕیوەو بەهۆی یادكردنەوەی رۆژی لەدایكبوونی داویەتی كاتێك بوە بە 5 ساڵ.


بەپێی چیرۆكەكە، مێڤان، كە لەئێستادا لە لەندەن دەژی، ناوی پیاوەكەی نەزانیوە، بەڵام سۆز و میهرەبانیەكەی بەدرێژایی ژیانی لەگەڵیدا بوە و بەدرێژایی ئەو ساڵانە سور بوە لەسەر دۆزینەوەی و وێنەیەكی پیاوەكەی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردەوەو هەڵمەتێكی دەستپێكردوە بۆ دۆزینەوەی و نوسیویەتی "سڵاو ئینتەرنێت، ئەوەی دەمەوێت دورە بێتەدی، بەڵام بۆ ماوەی 5 ساڵ پەنابەربوم لەماوەی ساڵانی نەوەدەكاندا و ئەم پیاوە، كە لە كەمپەكەدا كاری دەكرد، بەهۆی دڵە باشەكەیەوە پاسكیلێكی بۆ كڕیم و ئەو دڵە پێنج ساڵانەیەم لەخۆشیدا تەقییەوە، تەنها دەمەوێت ناوەكەی بزانم... دەتوانن هاوكاریم بكەن؟".


سەرچاوەكانی هەواڵ جیهان باسیان لەوەكردوە، وەك وەڵامدانەوەیەك هەزارەها كەس لەسەرانسەری جیهانەوە دەستیانكرد بە گەڕان بەدوای ئەو پیاوەدا و زیاتر لە 3 هەزار جار تویتەكە بڵاوكرایەوە و چەندین هەواڵی لەسەر كرا، دواتر مێڤان ئاشكرایكرد توانیویەتی پەیوەندی بە كەسوكاری پیاوەكەوە بكات و تویتێكی دیكەی لەگەڵ وێنەكەیدا بڵاوكردەوە، كە تێیدا هاتبوو "دۆزیمانەوە؟ دەمزانی ئینتەرنێت شتێكی شازە، بەڵام ئەمە شتێكی ترە".


بەهۆی ئەو هاوكاریە زۆرەی بەدەستیهێنا، مێڤان تەنها 36 كاتژمێری پێویست بوو بۆ دۆزینەوەی پیاوەكە و لەكۆتاییدا چاوی بەو پیاوە كەوت و وێنەی نوێی بڵاوكردەوە و نوسیویەتی "ئەوە ئیجبێرت-ە و لە نەوەدەكانەوە هاوكاری ئاوارەكان دەكات و زۆر دڵخۆش بوو بە بینینم و شانازیم پێوە دەكات، كە بوم بە ژنێكی بەهێز و ئازا". مێڤان چەندین پۆستی دیكەی بڵاوكردوەتەوە، كە باس لە خۆشحاڵی خۆی دەكات بە دۆزینەوەی ئیجبێرت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group