پەرلەمانتارانی سوننە دۆخی ناوچە رزگاركراوەكانی دەستی داعش تاوتوێ دەكەن

20/08/2019 عێراق

نەوا
پەرلەمانتارانی ئەو پارێزگایانەی عێراق كە رێكخراوی داعش ناوچەكانیانی بۆ ماوەیەكی زیاتر لە سێ ساڵ داگیركردبوون، داوا لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیران دەكەن بۆ بینینی رووی راستەقینەی مەیدانی لە ناوچەكە، لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنرێت.
ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی پارێزگاكانی موسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین، كەركوك و دیالە كەزۆربەیان سوننەنشینن و ناوچەكانیان لە 2014دا كەوتۆتە ژێر دەستی رێكخراوی داعش، بەمەبەستی تاوتوێكردنی ئەو دۆخە لە بەغدا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
ئەو پەرلەمانتارانە دوای كۆبوونەوەكە راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو ئاماژەبەوەكرا كە لەسەر بانگەوازێكی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانی "قەرار" لە ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبوونەوەكە ئەنجامدراوەو تێیدا تاوتوێی پرسە هەستیارەكانی وەك، رفاندنی خەڵك لەو پارێزگایانەی لەدەستی داعش رزگار كراون، تەرمە بێسەروشوێنەكان، كۆچی ناوخۆیی و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی شوێنە خاپوور كراوەكانیانكردووە.
لەكۆبوونەوەكەدا بەجیا دۆخەكانی، هەوڵدان بۆ قۆستنەوەی گۆڕانكاری دیمۆگرافی ناوچەكان لەلایەن گرووپە چەكدارییەكانەوە، بوونی بنكەی سەربازیی نهێنی و بەندیخانە، داگیركردنی زەوی و زاری كشتوكاڵی، كۆنترۆڵنەكردنی ناوچە رزگار كراوەكان لەلایەن دەوڵەتەوە تائێستا، تاوتوێ كراون.
جگە لەوە بانگەواز كراوە بۆ سەرۆكوەزیران عادل عەبدولمەهدی بەمەبەستی سەردانیكردنی ناوچەكە و بینینی رووی راستەقینەی مەیدانیی ناوچەكە، وەفدێكی هاوبەش لە حكوومەت، پەرلەمان و خەڵكی ناوچەكە پێكبهێنرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group