دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: مەترسی لەسەر پێكهاتەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دروستبووە

29/08/2019
زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ

نەوا
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، مەترسی بۆ سەر پێكهاتەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی ھەرێم پەیدا بووە و ئەوەش دەڵێت: "لەدەشتی نەینەوا كریستیان و كوردانی ئێزدی دەردەكرێن و دەست بەسەر موڵك و ماڵیاندا دەگیرێت".
زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، "لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم كەوتووەتە مەترسییەوە و پێشێلكاری زۆر بەرانبەر بە پێكهاتەكانی كەركوك، خانەقین و نەینەوا دەكرێت بە كورد و كریستیان و پێكهاتەكانی دیكەوە، چونكە ئەو ھێزانەی بۆ لەناوبردنی داعش ھاتوونەتە ئەو ناوچانە، نەك نەیانتوانیوە داعش لەناو ببەن، بەڵكو خۆیان پێشێلكارییان كردووە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "لە ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ پڕۆسەی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكانی كریستیان و كوردانی ئێزدی دەستی پێ كردووە و پارەیەكی زۆر خەرج دەكرێت بۆ ئەوەی خەڵكی رەسەنی ئەو ناوچانە شوێنەكانیان جێبهێڵن، بێگومان دەستی دەرەكیی تێدا ھەیە، چونكە پێویست بوو دوای نەمانی داعش خەڵك بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، كەچی بەپێچەوانەوە خەڵك لە ناوچەكانیان دەردەكرێن."
لەبارەی ئەو ھەموو ھێزانەی لە ناوچە كێشە لەسەرەكاندا هەن. پترۆس دەڵێت: "ئەو ھێزانە رێك نەخراون، چەندین جۆریان ھەیە، جارێ حەشدی شەعبی كەس نازانێت چەند ھێزن و سەر بە كێن، ھەتا فەرماندەی ھێزە چەكدارەكان خۆی ناتوانێت فەرمان بە ھەندێ لەو گرووپانە بكات، ھەبوونی ئەو ھێزانە مەترسیی بۆ سەر خەڵك دروست كردووە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group