ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مامەڵەی دادنوسەكان دەكات

10/09/2019

نەوا
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشنیازی هەڵوەشاندنەوە و پێداچونەوەی گرێبەستی بەئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی دادنوسەكان دەكات و سنوری گوندێكیش فراوان دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە كۆبوونەوەی 54ەمینی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچو. لەتەوەری یەكەمدا گفتوگۆ لەسەر فراوانكردنی سنوری گوندی (بێستان سوری گەورە) لە ناحیەی تانجەرۆ سەربە قائیمقامیەتی ناوەندی سلێمانی كرا و ئەندامانی ئەنجومەن رای خۆیان لەسەر دەربڕی و پاشان بە دەنگی (28) ئەندام لە كۆی (29) بڕیار لەسەر فراوانكردنی گوندەكە درا.
پاشان بەمیوانداری نوێنەری فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانی و بەڕێوەبەری لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لە سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنوسی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری و بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنوسی بەكرەجۆ، بێ ئامادەبوونی نوێنەری كۆمپانیای (INFORR)، گفتوگۆ لەسەر گرێبەستی وەزارەتی داد و كۆمپانیای (INFORR) بۆ بە ئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی دادنوسیەكان كرا و بەكۆی دەنگی (26) ئەندامی ئەنجومەن پێشنیار بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتی داد كرا، گرێبەستەكە هەڵبوەشێتەوە و پاشان پێداچونەوەی بۆ بكرێت، هەروەها پرۆژەكە بەمەبەستی كەمكردنەوەی نرخ و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان بەشێوازی كێبڕكێ بدرێتە كۆمپانیاكان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group