بەرپرسێكی كۆمەڵ لە كەركوك: یۆنامی لەلایەنە كوردیەكانی پرسیوە، ئەوە ئێوە خەوتون؟

05/10/2019
نەوا-كاروان مەحمود 
بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركوك دەڵێت: "دۆخی كەركوك جیاوازترە لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق". ئەوەشی راگەیاند، چەندینجار یۆنامی بە ئێمەی وتووە ئەوە، "بۆ خەوتون و بۆ بێ ئاگان؟، عەرەبی سوننەو عەرەبی شیعە رۆژانە دێن داوای مافی خۆیان دەكەن، توركمانەكان بابەتێكی بچوكیان هەبێت بە هەفتە دێنە  سەرجادە، ئێوە بۆ نایەن؟.
محەمەد جەلیل بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركوك بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لە هەندێك پارێزگای عیراق رەنگە ئەولەویەت خۆپیشاندان بێت بەڵام ئەولەویەت لای ئێمەی كەركوكییەكان ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوكە ئێستا دۆخی كەركوكە، بەجۆرێكە جیاوازە لەپارێزگاكانی دیكەی عیراق و تەنها پارێزگایە بەشێوەی سەربازی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و كۆمەڵێك یاسای جیاواز بەسەر پارێزگاكەدا جێبەجێ دەكرێت كە هەندێك لەویاسایانە یاسای پۆڵبریمەر یاخود حكومەتی بەعسی پێشووە.
لەبارەی هۆكاری كێشەكان و دیاریكردنی لایەنی كەمتەرخەم لە چارەسەركردنی كێشەكان، محەمەد جەلیل بەرپرسی راگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامی لە كەركوك بۆ رادیۆی نەوا وتی: "كورد بۆ خۆی كەمتەرخەمە بۆ خۆی چونكە چەندینجار یۆنامی بە ئێمەی وتووە، "بۆ خەوتوون بۆ بێ ئاگان، عەرەبی سوننەو عەرەبی شیعە رۆژانە دێن داوای مافی خۆیان دەكەن، توركمانەكان بابەتێكی بچوكیان هەبێت بە هەفتە دێنە  سەرجادە، ئێوە بۆ نایەن بۆ ئێرەو داوای حاڵ و شەكوای خۆتان ناكەن، بۆ كارەسات لە مەلەفی 16ی ئۆكتۆبەر گەورەتر هەیە كە  بووە هۆی ئاوارە بوونی ژمارەیەكی زۆرو نارەحەتی".
راشیگەیاند، "من پێم وایە زۆرجار كورد خۆی یەكدەنگ نییە لەوەی داوای مافی خۆی بكات، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە ئێستادا هەمووان یەكدەنگین لەسەر یەكلیستی لەشارەكە ئەگەر چی هەندێك لایەنی دیكەش هەیە بێنە ناو ئەو لیستەوە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بڕیارمانداوە گفتوگۆكانمان بە حزبی نەكەین لەداهاتوو بەجۆرێك بێت دەستەیەك دروستبكرێت چونكە پێویستمان بەگفتوگۆ هەیە لەگەڵ توركمان و عەرەب و لەگەڵ بەغداش ئەگەر ئەوەش بكرێت جیاوازی دەبێت لە پێشترو دەزانرێت چۆن داوای مافەكان بكرێت و لەگەڵ پێكهاتەكان چۆن بژین و چۆن ئیدارەی شارەكە بكرێت".
راشیگەیاند، جگە لە هەڵبژاردن پرسێكی گەورەتر هەیە ئەویش ئەنجامدانی سەرژمێرییە كە ئەوەش كۆمەڵێك یاساو رێسای خۆی هەیەو بەپێی یاساكەش لە هەرشوێنێك بیت ئەوە شوێن و ماڵی تۆییە لە ئێستاشدا تەعەرەبی زۆر هەیە لەشارەكەو هەمووان بە ترسەوە لە دۆخەكە دەڕوانن، بەڵام بڕیاری یەكلا كەرەوەیان نییە چ وەك سیاسیەكان و چ وەك شەقام هێشتا زووە بۆ ئەوەی لەوە تێبگەن كە ئەم خۆپیشاندانانە دەستی دەرەكییە یاخود ناخی پەنگخواردووی خەڵكەو لە پڕ سەری هەڵداوە، بۆیە هێشتا زووە لە كەركوك زیاتر گرنگی بەخۆپیشاندان بدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group