ناوەڕۆكی پرۆژە بڕیاری دوو سیناتۆرە ئەمریكییەكە دژی توركیا چی تێدایە؟

10/10/2019 جیهان

نەوا
هەریەك لە سیناتۆر لیندزی گراهام سەر بە پارتی كۆماریییەكان و سیناتۆر كرێس ڤان هاڵن-ی سەر بە دیموكراتەكان، پـرۆژە بڕیارێكیان ئامادەكردووە و بەنیازن بیدەن بە ئەنجومەنی پیران بۆ پەسەندكردنی.
پـرۆژە بڕیارەكەی ئەو دوو سیناتۆرە تایبەتە بە سزادانی توركیا لەبەرامبەر هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، تیایدا پێشنیاركراوە سزا بەسەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و ژمارەیەك لە بەرپرسە باڵاكانی توركیا بسەپێنرێت، هەروەها كۆمەڵێك سزای دیكەش تایبەت بە كەرتی وزە و دارایی و سەربازیی پێشنیاركراون بۆ سەپاندنیان بەسەر توركیا.
ئەگەر پـرۆژە بڕیارەكەی ئەو دوو سیناتۆرە لە ئەنجومەنی پیران، كە كۆماریـیەكان تیایدا زۆرینەن پەسەندبكرێت، ئەوا ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت كە لەوێ دیموكراتەكان زۆرینەن، ئەگەر لەوێش پەسەندكرا دەنێردرێت بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا تا واژۆی بكات و ببێتە بڕیار.
دوو سیناتۆرەكە لەرێگەی تویتەرەوە ناوەرۆكی پرۆژە بڕیارەكەی خۆیان ئاشكراكردووە، تیایدا هاتووە:

ئەم سزایانە دەسەپـێندرێن هەتا ئەو كاتەی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریكا بۆ كۆنگرێسی پشتڕاستدەكاتەوە توركیا تاكڕەویانە بەبێ پشتیوانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی فورات و ڕۆژئاوای سنوورەكانی عێراق لە سوریا كارناكات، وە هێزە چەكدارەكانی توركیا، بە چەكدارەكانیشی پشتیوانیان لێدەكات كشاونەتەوە لەو ناوچانەی داگیریكردوون لە میانەی ئۆپەراسیۆنەكانی لە 9 ی مانگی دەی 2019 وە دەستیانپێكردووە.

بڕگەی یەكەم: سەپاندنی سزا بەسەر سەروەت و سامانی ئەم سەركردە سیاسیـیە توركانەی خوارەوە:
سەرۆك
جێگری سەرۆك
وەزیری بەرگری
وەزیری دەرەوە
وەزیری دارایی
وەزیری بازرگانی
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتیـیەكان

بڕگەی دووەم: سزا بەسەر مامەڵە لەشكریـیەكان لەگەڵ توركیا:
سزا دەسەپێندرێتە بەسەر هەر كەسێكی بیانی شت بە لەشكری توركیا بفرۆشێت یان پشتیوانی دارایی لێبكات یان كەرەستەی بداتێ یان تەكنۆلۆجی بداتێ یان بە مەبەست مامڵەی لەگەڵدا بكات لەمانەی خوارەوە :
*پارچەی فڕۆكە یان فڕۆكە، ئەوانەی هێزی ئاسمانی توركیا بەكاریاندەهێنێت.
*ئامێر و كەلوپەلی ئۆتۆمبیل، ئەوانەی هەردوو هێزی پـیادە و دەریایی توركیا بەكاری دەهێنن.
*چەك و ئامێرەكانی لەشكری توركیا بەكاریاندەهێنێت.

بڕگەی سێیەم: سزا بەسەر كەرتی وزەی توركیا:
سەپاندنی سزا بەسەر هەر كەسێك یان كۆمپانیایەكی بیانی هەستێت بە دابینكردنی كەرەستە و پـێداویستی و تەكنۆلۆجیا یان زانیاری یان هەر جۆرە پشتیوانیەكی دیكە كە یارمەتیدەربن لە بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و گازی سروشتی لە توركیا تاوەكو لەلایەن هێزە چەكدارەكانی بەكاریان بهێنن.

بڕگەی چوارەم: قەدەغەكردنی یارمەتیـیە لەشكریـیەكانی ئەمەریكا:
*قەدەغەكردنی فرۆشتنی كەرەستە و تەكنۆلۆجیای بەرگری ئەمەریكا بە هێزە چەكدارەكانی توركیا.
*قەدەغەكردنی فرۆشتن و ناردنی گولـلە و تەقەمەنی بە هێزە چەكدارەكانی توركیا.

بڕگەی پـێنجەم: سەپاندنی سزاكانی یاسای CAATSA لەسەر كڕینی سیستەمی S-400 لە ڕوسیا.
(یاسای CAATSA، واتە یاسای روبەڕوبونەوەی دوژمنانی ئەمەریكا لە ڕێگەی سەپاندنی سزاكانەوە، لە ساڵی 2017 وە كاری پـێدەكرێت بۆ روبەڕوبونەوەی هەریەك لە ئێران و ڕوسیا و كۆریای باكور.)

بڕگەی شەشەم: ئەوانەی سزاكان نایانگرێتەوە:
*یارمەتیـیە مرۆیـیەكان
*یارمەتیـیە تەندروستیـیەكان
*بەهێزكردنی دیموكراسی/ یارمەتیدان لە هەڵبژاردنەكان
*ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری

بڕگەی حەوتەم: ڕاپـۆرتەكانی داوادەكرێن:
ڕاپـۆرتێك لە بارەی پارە و سەرەوەت و سامانی سەرۆك ڕجەب تەیب ئەردۆغان

بڕگەی هەشتم: دانانی كۆت و بەند لەسەر پـێدانی ڤیزا:
دانانی كۆت و بەند لەسەر پـێدانی ڤیزا بە سەركردایەتی توركیا لە گەشتكردن بۆ ئەمەریكا

سەرچاوە – دەنگی ئەمریكا


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group