شاجوانێك: سەرۆكی وڵاتەكەم دەستدرێژی سێكسی كردەسەرم

01/11/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
شاجوانێكی پێشوی گامبیا نهێنییەك لەبارەی سەرۆكی پێشوی وڵاتەكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت "یەحیا جامع سەرۆكی پێشوی گامبیا، كە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دادەنیشێت، دەستدرێژی سێكسی كردەسەرم تا سوكایەتیم پێبكات و باجی ئەوەبدەم كە شوم پێنەكردوە".

فاتۆ "توفا" جالۆی شاجوانی پێشو لەبەردەم لیژنەیەكی وڵاتەكەیدا وتی "یەحیا جامع نەیدەویست پەیوەندی سێكسی یاخود پەیوەندی تاموچێژ وەرگرتنی لەگەڵمدا هەبێت، ئەوەی دەیویست تەنها ئازاردانم بوو، دەیویست بمكات بە پەند تا لوتبەرزییەكەی رازی بكات".
شاجوانی پێشوی گامبیا رۆژی پێنجشەممە قسەی بۆ لیژنەی بەدواداچونی راستی و ئاشتبونەوە دەكرد، كە بۆ لێكۆڵینەوە لە ساڵانی حوكمی یەحیا جامع پێكهێنراوە و دەیانەوێت بزانن لە ساڵی 1994ەوە تا ساڵی 2017 واتە ساڵانی حوكمی ئەو سەرۆكە چی رویداوە.


فاتۆ جالۆ ئێستا لە كەنەدایە و پێشتر سەرقاڵی خوێندنی هونەری شانۆ بوە و لە مانگی دیسەمبەری ساڵی 2014دا توانی لە تەمەنی 18 ساڵیدا نازناوی شاجوانی گامبیا بەدەستبهێنێت.
لە دوای ماوەیەك و لە ساڵی 2015دا یەحیا جامع داوای هاوسەرگیری لێدەكات، بەڵام شاجوانی پێشو رەتیدەكاتەوە و ئەوەش سەرۆكی پێشوی گامبیا توڕە دەكات و پاشان دەستدرێژی سێكسی دەكاتەسەر.
لە هەمان ساڵ فاتۆ جالۆ بەرەو سینیگال هەڵدێت و بەهاوكاری نەتەوە یەكگرتوەكان دەگەیەنرێتە كەنەدا و ئێستا لەوێ بواری كاری كۆمەڵگە دەخوێنێت.
لە مانگی 1ی ئەمساڵەوە لیژنە پێكهێنراوەكە گوێی لە دەیان قوربانی و بەرپرسانی پێشوی رژێمی گامبیا گرتوە و راستییەكان یەكلادەكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group