نەوا
ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی كە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی لە سلێمانی توێكاری بۆ تەرمەكەی كرایەوە، گەڕێنرایەوە زێدی خۆی و بەخاكسپێردرا.
رۆژی پێنج شەممە ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر كەسێكیان بە ناوی مەجیدی ئیبراهیم دەستگیركردووە، بەڵام ئەو كەسە لە زیندانی ئاسایش كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ئەو هاوڵاتیە پێشمەرگەی لیوای سێی تایبەتی بە سەر هێزەكانی حەفتای یەكێتی بووە.
بنەماڵەی ئەو هاوڵاتیە و بەرپرسانی یەكێتی راگەیەنراوەكەی ئاسایش و راپۆرتی پزیشكی دادوەری هەولێریان رەتكردۆتەوە و گومانیان لە هۆكاری گیانلەدەستدانی هەیە، هەر بۆیە بەمەبەستی توێكاری تەرمەكەی گواسترابوەوە بۆ سلێمانی و رۆژی هەینی تەرمەكەی گەڕێنرایەوە بۆ هەولێر و لە گوندی سیساوەی سەر بە شارۆچكەی هەرێم بە خاكسپێردرا.
لە مەراسیمی بەخاكسپرادنەكەدا ژمارەیەك لە بەرپرسانی و كادیرانی باڵای یەكێتی ئامادەبوون.
تا ئێستا ئەنجامی توێكاری تەرمەكە لە سلێمانی رانەگەیەنراوە.