گەورەترین پرۆژەی سینەما و گەشتیاری لە سلێمانی دروست دەكرێت

پێش 4 هەفتە

نەوا- رۆژیار سیروان - سلێمانی 
سینەماكارێكی كورد پێشنیاری پرۆژەیەكی موتوربەكراوی سینەما و گەشتیاری لەشاری سلێمانی دەخاتەروو كە لەسە روبەری 25 هەزار دۆنم زەوی بنیات دەنرێت و تێچوەكەشی دەگاتە 2 ملیار دۆلار.
هاوار مستەفا خان خاوەنی پرۆژەی گەشتیاری و سینەمای یەڵماز گونەی بەرادیۆ نەوای راگەیاند: پرۆژەی سینەما و گەشتیاری یەڵمازگونەی  موتوربەكردنی دوو كەرتی زۆر گرنگە وەك سینەما و گەشتیاری، بەمەبەستی گەشەپێدانیان بۆ ماوەی دووساڵ سەرقاڵی داڕشتنی ئەم پرۆژەیە بووم،  بۆ ئەوەی سەرنجی كۆمپانیاكان رابكێشین بەمەبەستی وەبەرهێنان، بە پرۆژەی تەمەن ناوی دەبەم چونكە 5 ساڵی تەمەنی خۆم تەرخان دەكەم بۆ دروستكردنی پرۆژەكە بەو شێوازەی داڕێژراوە.
وتیشی: لەپاش 33 ساڵ لە كۆچكردنی یەڵماز هاتم ئەم پرۆژەیەم داڕشت بۆ شاری سلێمانی لەسەر روبەری 25 هەزار دۆنم زەوی بینا دەكرێت و 100 هەڵبژاردەی جیاوازی تێدا دەبێت، دەتوانرێت تێیدا هەزار هەلی كار برەخسێنێت، هەروەها پرۆژەكە دەیان ستۆدیوی سینەماش لەخۆ دەگرێت.
هاوار مستەفا خان روونیشیكردەوە: روبەری پرۆژەكە دەگاتە 5 ئەوەندەی پاركی هەواری شار بۆیە كێشەی شوێنمان هەیە لەئێستادا هەوڵ دەدەین شوێنێكی باشی بۆ دابینبكرێت بۆ ئەوەی لە وەرزی زستان گرفتی سەردانیكردن دروست نەبێت، پێشبینیش دەكەم بە گوژمەی 2 ملیار دۆلار بۆ ماوەی 5 ساڵ دروست بكرێت، دەزانین بڕەكەی زۆرە بەڵام  لەسلێمانی زیاتر لە 5 هەزار ملیۆنێر هەیە هەروەها یەكێتی ئەوروپا یاخود لەرێگای پشكەوە هاوڵاتیان بەشداربن، تا پارەكە زیاتر بێت ماوەی دروستكردنی پرۆژەكە كەمتر دەبێتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group