ئۆكرانیا: ئێران لەبارەی فڕۆكەكەوە هەنگاو نەنێت سكاڵای بەكۆمەڵی لەسەر تۆماردەكەین

16/02/2020 جیهان

نەوا
حكومەتی ئۆكرانیا تا ئێستا ئومێدی بەوە هەیە ئێران وەك پێویست لەبارەی كەیسی فڕۆكە ئۆكرانییەكەوە هەنگاوبنێت، ئەگەرنا، لەگەڵ چەند وڵاتێكی دیكە سكاڵای لەسەر تۆماردەكەن.
لەوبارەیەوە ڤادیم بریستایكۆ وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا لەمیانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن باسی لە فڕۆكە ئۆكرانییەكە كرد، كە لە ئێران خرایە خوارەوە و رایگەیاند، تائێستا هیوایان وایە، ئێران وەك پێویست هەنگاو بنێت و دەست بە رێكاری خێرابكات، چونكە لە پلانیاندا نییە زۆر چاوەڕێ بكەن و تەنها بۆ چەند هەفتەیەك یان چەند مانگێكی دیكە چاوەڕێ دەكەن، نەك بۆ چەند ساڵێك.
هەربۆیە وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا هەڕەشەی ئەوەی كرد، ئەگەر ئێران ئەو رێكارانە ئەنجام نەدات، كە كیێڤ و وڵاتانی دیكە چاوەڕێی دەكەن، ئەوا ئەو وڵاتانەی هاووڵاتیانیان لە فڕۆكە تێكشكاوەكەدا گیانیان لەدەستداوە، سكاڵای بەكۆمەڵ لە دادگای نێودەوڵەتی لە دژی تاران تۆماردەكەن.
بریستایكۆ وتیشی "ئێمە ماف بە خۆمان دەدەین رێكارە یاساییە نێودەوڵەتییەكان بگرینەبەر، بەڵام تائێستا هیوامان وایە ئێران وەك پێویست هەنگاوبنێت".
لە رۆژی 8ی مانگی رابردو، فڕۆكەیەكی مەدەنیی سەربە هێڵی فڕۆكەوانیی ئۆكرانیا، كە لە تارانەوە بەرەو كیێڤ-ی پایتەختی ئۆكرانیا گەشتی دەكرد، لەلایەن تارانەوە بە موشەك خرایە خوارەوە و لە ئەنجامدا تەواوی سەرنشینانی فڕۆكەكە، كە ژمارەیان 176 كەس بون، گیانیان لەدەستدا. تارانیش هۆكاری روداوەكەی بۆ هەڵەی هێزەكانی پاسداران گەڕاندەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group