سلێمانی.. لیژنەیەك بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەی لامەركەزی پێكهێنرا

01/05/2020

نەوا
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە فەرمانێك لیژنەیەكی كاتی بەمەبەستی ئامادەكردنی پڕۆژەی لامەركەزی بۆ پارێزگاكە پێكهێنا.
بە فەرمانی ژمارە 290 كە ئیمزای ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەرە، لیژنەیەكی كاتی نۆكەسی بەمەبەستی ئامادەكردنی پڕۆژەی لامەركەزی بۆ پارێزگاكە پێكهێنراوە.
لە فەرمانەكەدا هاتوە، بڕیاریاندا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی كاتی لە نوێنەری فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجومەن بە مەبەستی ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان بۆ سنوری جوگرافی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبونەوەی نائاسایی رۆژی پێنجشەممە 23ی نیسان، داوای كۆكردنەوەی زانیاریی دەربارەی بڕی داهات و خەرجیی سنورەكەی لە لیژنەی یاسایی ئەنجومەنەكە كرد، بۆئەوەی بەشێوەی لامەركەزی، دەسەڵاتی پارە و خەرجیی سلێمانی بۆ حكومەتی خۆجێیی و پارێزگار بگەڕێتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group