دهۆك.. قوتابخانەی قوبەهان لە لێواری لەناوچوندایە

06/06/2020

نەوا
قوتابخانەی قوبەهان لە سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆك لە سەدەی 16ی زایینیدا دروستكراوە و یەكێكە لە شوێنەوارە مێژووییەكان، وێرانەییەكەی بووەتە جێی نیگەرانیی.

قوتابخانە‌كە كە وەك یەكێك لە لانكە زانستیە گرنگەكانی جیهانی ئیسلامیی سەدان ساڵ خزمەتی كردووە، منارەكەی رووخاوە، بەشێكی زۆری قوبە و دیوارەكانی تا ئاستی زەویەكە داڕووخاون، هەندێك بەشی دیكەی كە هێشتا بەپێوە ماون چاوەڕوانی رۆژی رووخانیان دەكرێت.

لە لایەك وێرانەیی قوتابخانەكە كە بۆ قەدەر جێهێڵراوە، كردنەوەی ئاگر لە ناویدا و جێهێشتنی خۆڵ و خاشاكی سەیرانكەران تیایدا بێ خاوەنی ئەو لانكە زانستییە دەردەخات.

بەگوێرەی تۆمارە مێژووییەكان، قوتابخانەی قوبەهان كە دەكەوێتە دووری 70 كیلۆمەتری خۆرهەڵاتی شاری دهۆك و لە باكووری خۆرهەڵاتی شارۆچكەی ئامێدی لە دارستانی باكووری ناحیەی سۆلاڤ-ی گەشتیاری لەسەر تاشەبەردەكان بنیاتنراوە، لە سەدەی 16ی زایینی دروستكراوە.

قوتابخانەكە كە بە دارودەوەن دەورەدراوە و نزیكەی 50 مەتر لە رووباری ئامێدی-یەوە دوورە لە سەردەمی میرنشینی بادینان وەك یەكێك لە ناوەندە زانستیە گرنگەكانی جیهانی ئیسلامی قوتابی پێگەیاندووە. قوتابخانەكە پەیوەندی بە قوتابخانەكانی ئیستانبوڵ و میسرەوە هەبووە و زانستی ئیسلامی تیادا وتراوەتەوە و مۆڵەتی زانستە شەریعیەكانی بەخشیوە بە هەزاران زانا كە لەو قوتابخانەیەدا خوێندنیان تەواوكردووە.

قوتابخانە‌كە كە زانای وەك ئەبو سعود ئەفەندی و مەلا خەلیلی‌ سەرتی پێگەیاندووە، پێكهاتووە لە حەوت ژوور بۆ مانەوەی ئەو قوتابیانەی لە زۆر شوێنی جیهانی ئیسلامیەوە روویان تێكردووە بۆ فێربوونی زانست، لەگەڵ هۆڵێك، شوێنی دەستنوێژ، پۆل و شوێنی پشوودان.

قوتابخانە‌كە، كە تا ساڵی 1964 چالاك بووە، بەهۆی شەڕی ناوخۆ و پێكدادانەكانی عێراقەوە زیانی زۆری بەركەوتووە. قوتابخانە‌كە تا نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بە پێوە ماوە و لەئێستاشدا سەربان و زۆرێك لە دیوارەكانی رووخاون.

حاجی مستەفا، كە تەمەنی 78 ساڵانە و لە قوتابیەكانی دوایین قۆناغی قوتابخانەی قوبەهان-ە، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ باسی لەوە كردوە، قوتابخانەكە رووخاوە و وێرانەییەكەی زۆر نیگەرانی دەكات.

حاجی مستەفا ئاماژەی بەوە كردوە، لە ساڵی 1951دا چووەتە قوتابخانە‌كە و نزیكەی هەشت ساڵ تیایدا خوێندووە، سەبارەت بەو رۆژانە وتویەتی "لە ساڵانی 1951-1958دا وانەی قورئانم لە قوتابخانە‌كەدا خوێندووە. قورئانم خەتم كرد. 14 قوتابی هەبوو. مامۆستای ئەو كاتەی قوتابخانەكە محەمەد شوكر و موفتی خاڵم بوو. من قوتابیەكی زۆر هەوڵدەربووم. وانەی بە من دەگوت، ئەو وانانەی دەمخوێندن بەو قوتابیانەم دەوتەوە كە تازە دەهاتن. هەموو زانستە ئایینیەكان لە قوتابخانەكەدا دەوترانەوە. حەدیس، فیقهی ئیسلامی و بەلاغەت بە شێوەیەك بوو كە لە قوتابخانەی ئەزهەرەوە قوتابی روویان تێدەكرد بۆ هەندێ زانست".

حاجی مستەفا باسی لەوەشكرد، قوتابخانەكە لەڕووی پێكهاتەوە لە شوێنێكی زۆر جوان دروستكراوە و وتویەتی "ئەوكاتەی دەمانخوێند زۆر جوان بوو. دوو بورجی هەبوو. لەبەرئەوەی لە كەنار رووبار بوو زۆر بێ دەنگ و پشوودەربوو. ئەو دەنگە وەك موزیك وابوو. شوێنی قوتابخانە‌كە زۆر باش هەڵبژێردرابوو. لەڕووی هونەریەوە لە شوێنێكی زۆر باشدابوو. باخچەیەكی جوانی هەبوو كە گوڵی جۆراوجۆری تێدابوو. ئێمەی قوتابیان خزمەتی باخچەكەمان دەكرد. قوتابخانە‌كە منارەی هەبوو، بەڵام رووخاوە و زۆر كەمی ماوە".

حاجی مستەفا سەبارەت بە سیستەمی پەروەردەیی قوتابخانە ئایینییەكە دەڵێت "ئەوانەی ماڵیان لە ئامێدی بوو، رۆژانە دەچوون و دەهاتن. لەنێو قوتابخانەكەدا ٦-٧ ژووری خەوتن هەبوو. بەشێك لە قوتابییەكان لەوێ دەمانەوە. خەڵكی ئامێدیش خۆراك و تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكردن. مامۆستای قوتابخانەكە مووچەی نەبوو، بەڵام خەڵك هێندە گەنمی پێ دەدا تاكو پێی بژی".

ئەو بە تیشك خستنە سەر ئەوەی كە بە چاوی خۆی بینیوویەتی قوتابخانەكە سێ‌ جار سووتێندراوە و گوتی: "لە شەستەكانی سەدەی رابردوو لە كاتی رووداوەكاندا لە سەردەمی سەركۆماری ئەوكاتی عێراق، عەبدولكەریم قاسم بە ناچاری خوێندن لە قوتابخانەكە راگیرا. ئەوكاتە شەڕوپێكدادان هەبوو. هێزەكانی حكوومەت هێرشیان دەكردە سەر ئامێدی و تۆپبارانیان دەكرد. بەم هۆیەوە قوتابخانەكە بێناز مایەوە. دوای ئەوەی كە كرایە ئامانجی گولـلە تۆپەكان، بەهۆی ئەوەی نۆژەن نەكرایەوە لەو سەردەمەوە تا ئێستا داخراوە".

حاجی مستەفا سەرنجی خستە سەر ئەوەی كە تاكو ئێستا زۆر هەوڵی داوە تاكو قوتابخانەكە ئاوەدان بكرێتەوە و لە سەردەمی بەعسدا ئەو داواكارییەیان لە وەزارەتی ئەوقاف كردووە، بەڵام وەڵامی داواكارییەكەیان نەدراوەتەوە و گوتی: "دوای رووخانی رژێمی بەعس، زۆر جار داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە قوتابخانەكە نۆژەن بكرێتەوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە".

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە دا كە زۆر خەفەت لەو رەوشەی ئێستا قوتابخانەكە دەخوات و وتی: "هەست بە ئازارێكی زۆر دەكەم. ماوە ماوە دەچمە ئەوێ. هەموو بیرەوەرییەكانم دێنەوە بەرچاو. زۆر خەفەت لەو رەوشی ئێستای قوتابخانەكە دەخۆم. تێناگەم حكوومەتی ئێمە بۆ نۆژەنی ناكاتەوە. لایەنە پەیوەندیدارەكان لەمبارەیەوە بێدەنگن و هەر نایانەوێ باسی ئەمە بكەن".

حاجی مستەفا بە پێویستی دەزانێت كە موسڵمانان رێگا‌ نەدەن ئەو قوتابخانە ئایینییە مێژوویییە لەناوبچێت و وتی "دەمەوێت قوتابخانەكە نۆژەن بكرێتەوە و بكەوێتەوە سەرپێی خۆی. دەزانم حكوومەتی خۆمان ئەوە ناكات، تەنها توركیا ئەگەر ئەوە بكات. ئەگەر ئەوان بڵێن دەیكەین، دەیكەن".

مامۆستا لە زانكۆی ئامێدی، عەلی عومەر ئاواتەخوازە ناوی قوتابخانەی ئایینیی مێژووییی قوبەهان بدرێت بە زانكۆیەك و وتی "حەز دەكەم ناوی ئەو قوتابخانە مێژوویییە بدرێتە زانكۆیەك لە ئامێدی. دەمەوێت ناوی زانكۆكەی ئێرە بكرێتە زانكۆی قوبەهان".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ بە ئاماژەدان بەوەی كە ناوی قوتابخانەكە خراوەتە ناو لیستی شوێنە مێژوویییەكانی یونیسكۆ كە پێویستە بپارێزرێن، بە پێویستی زانی كە تا زووە نۆژەن بكرێتەوە و وتی "بەداخەوە ئێستا بووەتە وێرانە. پێویستە نۆژەن بكرێتەوە. تاكو ئێستا هیچی بۆ نەكراوە. هیچ هەنگاوێك بۆ نۆژەنكردنەوەی نەنراوە".




شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group