هەندێك لە لایەن و هێزە سیاسییەكانی عیراق لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەدا نین

01/08/2020 عێراق

نەوا
ریاز مەسعودی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سائیرون دەڵێت "هەندێك لایەن هەن حەزناكەن هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا بەڕێوەبچێت، چونكە پێویستییان بە ئامادەكردنی بنكەی جەماوەرییان هەیە".
پەرلەمانتارەكەی عیراق باس لەوە دەكات، لایەنە عیراقییەكان بونەتە دوو بەشەوە لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردنەكە بكرێت و هەندێكیان نایانەوێت، هەر یەكەشیان لێكدانەوەی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ پرۆسەكە، بەڵام سائیرون بە بەهێزی پاڵپشتی لە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی شەفاف دەكات و بەشداریكردنیش لە ئاستێكی باڵادا بێت.
دەشڵێت "هەندێك لایەن هەن دەیانەوێت هەڵبژاردن درەنگتر بكرێت بۆئەوەی بنكەی جەماوەرییان ئامادەبكەن، هیچ هێزێكی سیاسی نییە بیەوێت هەڵبژاردن بكرێت و بنكە جەماوەرییەكەی بەشێوەیەكی دروست ئامادەنەبێت، كە دواتر ئەنجامی باش بەدەستنەهێنێت".
سەبارەت بە گرفتی ئێستای بەردەم یاسای هەڵبژاردنیش، وتویەتی "رێگریی راستەقینە مادەی 15یە، كە پەیوەندی بە بازنەكانی هەڵبژاردنەوە هەیە، سەرەڕای قەبارەی هەر بازنەیەك و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیش".
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوی دیاریكردوە بۆ هەڵبژاردنی گشتی و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانیش داوا دەكات وادەكەی پێشبخرێت و پەرلەمانیش هەڵوەشێنرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group