ئەحمەدی حاجی رەشید: تائێستا هیچ جۆرە ڕێكەوتنێك لە نێوان هەرێم و بەغدا نەكراوە

07/08/2020 عێراق

نەوا
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، پێی وایە هەواڵی ئەوەی گوایە دوای جەژن حكومەتی عێراق بڕی 300 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت لە ئەنجامی گەیشتن بە رێككەوتن، تەنها جۆرێكە لە دڵخۆشكردنی خەڵك. 
ئەحمەدی حاجی رەشید، لەمیانی وتوێژێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، سەبارەت بە دەنگۆی رەوانەكردنی بڕی 300 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، وتی"ئەوەی من ئاگاداربم تائێستا حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداد نەگەیشتونەتە هیچ ڕێكەوتنێك و‌ هیچ ڕێكەوتنێكیش لەسەر پارە نەكراوە ئەوەی كە ‌هەرێمی كوردستان باسی لێوەكردوە كە گوایە دوای جەژن 300 ملیار دینار دەنێردرێت لەئەنجامی ڕِێكەوتنێكدا، بەبڕوای من تەنها جۆرێكە لە دڵخۆشكردنی خەڵك و‌ جۆرێكە لە "پەین ستۆپ" بۆ ئەو ئازارانەی كە هەیە لەهەرێمی كوردستان و ئەو چاوەڕوانیانەی كە هەیە لە هەرێمی كوردستان."
راشیگەیاندووە، "بڕوام وایە هەرێمی كوردستان بۆئەوەی بتوانێت ڕۆژەكان بەسەربەرێت بۆ ئەوەی جۆرێك لە ئومێد بدات بە چاوەڕوانیەكانی هاوڵاتیان ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكاتەوە ئەگەرنا تائێستا هیچ جۆرە ڕێكەوتنێك نەكراوە ئەوەی من ئاگاداربم."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group