لیوا یەحیا رەسوڵ: هەرێم و حكومەتی فیدراڵی هاوئاهەنگی دژی پاشماوەكانی داعش دەكەن

09/08/2020 عێراق

نەوا
لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەڵێت "هاریكاری سەربازیی هاوبەش لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی هەیە بۆ  ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگری و راوەدونانی پاشماوەكانی رێكخراوی داعش".
لیوا یەحیا رەسوڵ لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، چەند لێكتێگەیشتنێكی ئەمنی هاوبەش لەنێوان فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان و هێزەكانی پاسەوانی سنوری هەرێمی كوردستان هەیە سەبارەت بە هاریكاری و هاوئاهەنگی و پرۆسە سەربازییە هاوبەشەكان لە هەندێك ناوچەدا.
وتیشی "ئەو هەنگاوانە بۆ راوەدونانی پاشماوەكانی داعش و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری هەواڵگرییە لە بوارەكانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و هەڕەشەی ئەمنی و كۆنترۆڵكردنی سنورەكان لەگەڵ هەندێك دەوڵەتدا بۆ رێگەگرتن لە هاتنە ناوەوەی گروپە چەكدارییەكان".
هەروەها لیوا یەحیا رەسوڵ تەئكیدیكردوەتەوە، رێككەوتنەكان دروستكردنی ناوەندێكی هاریكاری هاوبەش لەنێوان فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان و دەزگا ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستانیش لەخۆدەگرێت، كە چەند ئەفسەرێكی عیراق و هەرێمی كوردستان تێیدا ئەندامن و زانیاری هەواڵگری ئاڵوگۆڕ دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group