سەرچاوە ئەمنیەكان: كازمی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی بەغدا دووردەخاتەوە

25/09/2020 عێراق

نەوا
چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی باس لەوەدەكەن، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، فەرمانی بە داخستنی چەند نوسینگە كردووە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كە هەندێكیان سەر بە حەشدی شەعبین.
ماڵپەڕی عەرەبیە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی ئەمنیەوە بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی فەرمانی كردووە نوسینگەكانی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی بەغدا دابخرێن، وێڕای داخستنی نوسینگەكانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەردوو دەستەی نەزاهە و لێپرسینەوە و دادپەروەریی لە فڕۆكەخانەكەدا.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، تەنها نوسینگەكانی سەر بە دەزگای هەواڵگری و وەزارەتی ناوخۆ لە فڕۆكەخانەكە دەمێننەوە.
بڕیاری داخستنی نوسینگەكانی حەشدی شەعبی هاوكاتە لەگەڵ دوورخستنەوەی دوو فەرماندەی دیاری ئەو هێزە كە بریتین لە حامید جەزائیری و وەعد قەدۆ.
 بە بۆچوونی بەشێك لە چاودێرانیش دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە فڕۆكەخانەی بەغدا، لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی كازمیە بۆ كەمكردنەوەی بوونی ئەو هێزە لە جومگە گرنگەكانی عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group