گەمارۆی چەكی سەر ئێران كۆتاییهات

18/10/2020 جیهان

نەوا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوپاتیدەكاتەوە، گەمارۆی نێودەوڵەتی بۆ كڕینی چەك لەلایەن ئێرانەوە كۆتاییهات و ئیدی دەتوانن بەبێ كۆتوبەندی یاسایی، مامەڵە بە چەكەوە بكەن.
رۆژی یەكشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێكیدا ئاشكرایكردووە، بەهۆی خاڵێكی رێككەوتنی ئەتۆمییەوە، سەرەڕای هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ درێژكردنەوەی، لە 18ی مانگەوە گەمارۆی چەك لەسەر ئێران هەڵگیرا و كۆتاییهاتووە.
لەو بارەیەوە محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە، بەپێی ئەم بڕیارە، قەدەغە لەسەر گواستنەوەی چەك هەڵگیرا، سزاكانی سەر هەموو چالاكییەكان و خزمەتگوزراییە داراییەكان لە ئێرانەوە بۆ دەرەوە و بەپێچەوانەشەوە، هەڵگیراون.
كۆتاییهاتنی سزای بازرگانیی چەك لەگەڵ ئێران، بەو واتایە دێت، كە لەمەودوا تاران دەتوانێت چەند جۆرێكی چەك و كەلوپەلی سەربازیی وەك تانك، زرێپۆش، فڕۆكەی جەنگی و شەڕكەر و هەروەها چەكی قورسی دیكە بكڕێت و بفرۆشێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو بارەیەوە دەڵێت، لەمڕۆوە ئێران دەتوانێت هەر چەكێك كە پێویستی پێی بێت بەبێ هیچ سنورداركردنێك، بیكڕێت، هەروەها بەپێی سیاسەتەكانی خۆشی دەتوانێت چەك بفرۆشێت، بەڵام پێدەچێت بەهۆی سزاكانی ئەمریكا، بە تایبەت لەسەر بانكەكانی ئێران، لەوانەیە ئێران نەتوانێت بە ئاسانی مامەڵە بە كڕین و فرۆشتنی چەكەوە بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group