ئەمریكا لە گەڕاندنەوەی سزای نێودەوڵەتیەكان بۆ سەر ئێران پاشگەز بوەوە

19/02/2021 جیهان

نەوا
ئەمریكا دەستبەرداری هەوڵەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بوو لە بارەی سەپاندنەوەی سزاكانی نەتەوەیەكگرتوەكان بەسەر ئێران.
دوای ئەوەی لە كۆتا مانگەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ئەمریكا زۆر هەوڵیدا میكانیزمی پەلەپیتكە كارا بكاتەوە و سزاكانی نەتەوەیەكگرتوەكان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە، كۆشكی سپی رایگەیاند، دەستبەرداری ئەو هەوڵانەوە بووە.
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازی لەو هەوڵەی ئیدارەی جۆ بایدن كرد، بەڵام راشیگەیاند، گەڕانەوەیان بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی پەیوەستە بە هەڵگرتنی سەرجەم سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر تاران.
بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لە ئەگەری ئەوەی ئێران پابەندبوونەكانی بەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكات، وڵاتانی بەشدار دەتوانن بە پشت بەستن بە میكانیزمی پەلەپیتكە دۆسیەی ئەتۆمی تاران رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتوەكان بكەن، بۆ ئەوەی سزا نێودەوڵەتیەكان بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنرێتەوە.
بەو پێیەی ئەمریكا لە ساڵی 2018 دا لە رێككەوتنەكە كشابوەوە، هەوڵەكانی ئیدارەی ترامپ لە ساڵی 2020 لە پێناو كاراكردنی میكانیزمی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتیەكان بێ ئەنجام ببوو.
ئەمریكا لە ساڵی 2018ەوە یەكلایەنە كۆمەڵێك سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و لەكاردانەوەدا تارانیش بە سێ قۆناغ پابەندبوونەكانی بەو رێككەوتنە هەڵپەساردبوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group