نوێترین زانیاری له‌باره‌ی پڕۆژەیاسای خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ ده‌خرێته‌ڕوو

20/02/2021

نه‌وا
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێم رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە خانەنشینیی ھێزەكانی ناوخۆ ئامادەكراوە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت، تا لەوێش دەنگی لەسەر بدەن و ئەوانیش پەسەندی بكەن.

 سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێم له‌ لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی رایگه‌یاندووه‌ "وەكو وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پڕۆژەیاسایەكمان ئامادە كردووە تایبەت بە خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ و پڕۆژەكە تەواو بووە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی پەسەندی بكەن و رەوانەی پەرلەمانی بكەن بۆ دەنگدان و پەسەندكردن".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "جارێ نامانەوێت باسی وردەكاریی پڕۆژەكە بكەین تاوەكو لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەكرێت، نەبادا گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و ھەر كاتێك پەسەند كرا، ئەوكات وردەكارییەكان روون دەبنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە یاسایەكی تایبەت بە خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ دەردەكرێت".
لای خۆشیەوە، نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان به‌ ماڵپەڕه‌كه‌ی رایگه‌یاندووه‌ "وەزارەتی ناوخۆ پڕۆژەیاساكەی ئامادە كردووە و لە ئەنجومەنی وەزیرانە، كە بڕیارە رەوانەی پەرلەمانی بكەن بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەین و پەسەندی بكەین".
وتیشی: "بڕیارە ئەم مانگە كۆتایی بە پشووی پەرلەمان بێت و مانگی داھاتووش ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاساكە رەوانەی پەرلەمان دەكەن، كە گەیشتە دەستمان، گفتوگۆی لەسەر دەكەین و راپۆرتی لەبارەوە ئامادە دەكەین و دواتر ئامادە دەكرێت بۆ دەنگدان و پەسەند دەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group