نەوا-
مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە دوو ناوچەی جیاواز رێگرییان لە بڕینەوەی ژمارەیەك دار كرد و دەستیان بەسەر دەیان داری بڕدراو گرتووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە چالاكیی یەكەمدا و لە گوندی سێكانیانی سەر بە شارەدێی سورداش، مەفرەزەكانیان رێگرییان لە هەڵمەتێكی فراوانی داربڕین كردووە، لەو چوارچێوەیەشدا دەستبەسەر 25 بۆ 30 داری بڕدراوی جۆری بەڕوودا گیراوە كە لەلایەن سەرپێچیكارانەوە ئامادەكرابوون تاوەكو بگوازرێنەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە سنووری گوندی قەیوان، بنكەی پۆلیسی دارستانی شارەدێی گاپیڵۆن بە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ بازگەی ئاسایشی قەیوان، توانیویانە دەست بەسەر بڕێك داری بڕاوە لەگەڵ كەلوپەلەكانی داربڕیندا بگرن.
پۆلیسی دارستان باسی لەوەشكرد، لە چالاكییەكەی قەیواندا، 1 تۆمەتبار لەسەر بڕینەوەی دارەكان دەستگیركراوە و دەستیش بەسەر 1 ئۆتۆمبێلدا گیراوە كە بۆ ئەو مەبەستە بەكارهێنراوە.