پی ئی سی: 840 رۆژنامەنوس بە هۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە

05/03/2021 نەوا
نەوا
رێكخراوێكی نێودەوڵەتی باس لەوەدەكات بە هۆی كۆرۆناوە 840 رۆژنامەنوس لەسەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە ئەم ئامارە لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تاكو ئێستا زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووسانە.
كەمپینی هێمای میدیا (پی ئی سی) كە ناوەندەكەی لە شاری جنێڤی سویسرایە، رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە 68 وڵاتدا لانیكەم 840 رۆژنامەنووس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە.
لەو روونكردنەوەی كە لە PEC بڵاوكراوەتەوە، لەسەرەتای پەتاكەوە تاكو ئێستا لە ماوەی یەك ساڵدا رۆژانە زیاتر لە دوو رۆژنامەنووس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیلەدەستداوە.
لە وڵاتانی ئەمریكای لاتین بە گیانلەدەستدانی 458 رۆژنامەنووس بەرزترین ئاست تۆماركراوە.
بەپێی روونكردنەوەكە، لە كیشوەری ئاسیا لە 17 وڵات 151 رۆژنامەنووس، لە ئەورووپا لە 16 وڵات 147 رۆژنامەنووس، لە ئەمریكای باكوور لە دوو وڵات 45 رۆژنامەنووس و لە كیشوەری ئەفریقا لە 15 وڵات 39 رۆژنامەنووس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
ھەر بەپێی روونكردنەوەكە، لە پیرۆ 108 ، لە بەڕازیل 102، لە ھیندستان 56 و لە ئیتاڵیا 46 رۆژنامەنووس بەهۆی كۆرۆناوە گیانلەدەستدان.
پی ئی سی ئەوەی ئاشكراكرد كە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە زۆرترین گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووسان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە بەھۆی ئەوەی چەند وڵاتێك گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووسانیان تۆمارنەكردووە یان پشكنینی كۆرۆنا بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە نەكراوە كە گیانیان لەدەستداوە، ئامارەكان زۆر بەرزترە و ھۆشداری لە ئەگەری ئەوە دایەوە كە رەنگە ئامارەكانی گیانلەدەستدانی رۆژنامەنووسان شێوێندرابێت.
تائێستا لەسەرتاسەری جیهان نزیكەی 117 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كراون و لەو ژمارەیە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 92 ملیۆن كەسیش چاكبوونەتەوە و سەرباری دەستپێكردنی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا بەڵام تائێستا ئاسۆی كۆنتڕۆڵكردنی یەكجارەكی پەتاكە دیار نییە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group