هەواڵگری هۆڵەندا: ئێران هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆم چڕكردوەتەوە

04/05/2021 جیهان

نەوا-
دوای سوید و ئەڵمانیا، ئەمجارەیان دەزگای هەواڵگری هۆڵەندا باس لە چڕبوونەوەی هەوڵەكانی ئێران لە پێناو دروستكردنی چەكی ئەتۆم دەكات.
لە راپۆرتی هاوبەشی دەزگاكانی هەواڵگری و ئاسایشی هۆڵەندادا هاتووە، كە ئێران لە رێگەی چەند تۆڕێكەوە لە هەوڵی ئەوەدایە كە زانست و كەرەستەی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی بەدەستبخات.
راشیگەیاندووە، سەرباری هەوڵەكان، بەڵام بە هۆی دەستوەردانی دەزگای هەواڵگری چەند وڵاتێكەوە تائێستا ئێران نەیتوانیوە ئەو ئامانجەی بپێكێت.
پێشتریش دەزگاكانی هەواڵگری سوید و ئەڵمانیا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا باسیان لەوەكردبوو، كە ئێران هەموو هەوڵێك دەدات ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ئەمەش لە كاتێكدایە بەرپرسانی تاران بەردەوام جەخت لەوەدەكاتەوە، كە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئاشتیانەیە و هیچ مەبەستێكی سەربازی لە پشتەوە نییە.
بڵاوبوونەوەی راپۆرتی هەواڵگری ئەو سێ وڵاتە ئەوروپیە لە كاتێكدایە كە لە ڤییەننا دانوستانەكان بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بەردەوامن و بەشێك لە چاودێران پێیان وایە ئەو زانیارییە نوێیانە كاریگەری دەكاتە سەر رەوتی دانوستانەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group