عەرەب و توركمانی كەركوك: گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ پارێزگاكە پێچەوانەی دەستورە

15/09/2021 عێراق

نەوا
پەرلەمانتارانی عەرەب و توركمانی سەربە پارێزگای كەركوك پێیان وایە، هەنگاوی گەڕاندنەوەی پێشمەگەر بۆ پارێزگاكە پێچەوانەی دەستور و بڕیاری پەرلەمانە و لە چوارچێوەی رێككەوتنی سیاسییە و دژی دەوەستنەوە.
نوێنەرانی عەرەب و توركانی كەركوك لە پەرلەمان عێراق لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەیان بەوەداوە، لەكاتێكدا كەركوك لە ئاسایش و ئارامییەكی ئاشكرادایە لەدوای ئۆكتۆبەری 2017، هەندێك لایەن هەوڵی قۆستنەوەی هێرشەكانی رێكخراوی داعش بۆ سەر گوندەكان و قەزای داقوق و ناحیەی رەشاد دەدەن بۆ گۆڕینی هاوكێشەی ئەمنی لە كەركوك و هێنانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناو سنوری ئیداریی پارێزگاكە.
ئەوەش هاتووە، "ئەو هەنگاوە پێچەوانەی دەستور و بڕیاری پەرلەمانە و پێكهاتەكانی عەرەب و توركمان پێیان وایە لە چوارچێوەی رێكەوتنی سیاسییە بۆ گەڕانەوەی رۆژانی رفاندن و دەستگیر كردن و تیرۆر كردن بۆ كەركوك، لەسەر سەركردەی لایەنە سیاسیەكان پێویستە بەرپرسیارێتی دەستوریی و نیشتمانی بەرامبەر داهاتووی پارێزگاكە هەڵگرن".
هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان جەختیان لەوەش كردووەتەوە، لەسەر حكومەت پێویستە كە كۆتایی بەو گروپانە بهێنێت كە هەندێك ناوچەی پارێزگاكە دەكەنە ئامانج، ئەویش بە هێنانی دەزگای دژە تیرۆری فیدراڵی و كەرتەكانی سوپا، نەك بە هەنگاوێك كە دەست بردن بێت بۆ بارودۆخی دەستوریی كەركوك و بەدیهێنانی خواستی سیاسی و هەڵبژاردنی هەندێك لایەن، كە وتارەكانیان توندتر كردووە بەمەبەستی دەستكەوتی هەڵبژاردن لەسەر ئاسایشی كۆمەڵگەیی كەركوك و تێكدانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە رێگەی پڕوپاگەندەیەك كە هیچ بنەمایەكی جوگرافی و مێژوییی نییە.
هۆشداریش دەدەنە حكومەت بەوەی، هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان بێدەنگ نابن و پەنا بۆ بژاردە دەستورییەكان دەبەن بۆ رێگەگرتن لە گەڕانەوەی پێشمەرگە، بۆیە داوا دەكەن هەڵبژاردن لە پارێزگاكە دوابخرێت بۆ ماوەی یەك هەفتە، تاوەكو لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەنجام دەدرێت و سەرجەم چاودێرانی نێودەوڵەتی بانگهێشت دەكرێن بۆ پارێزگاكە كە تایبەتمەندی خۆی هەیە، داواش لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن چاودێری هەڵبژاردن بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group