سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراقی وەڵامی سەرۆك ئەركانی گشتی سوپای ئێران دەداتەوە

21/09/2021 عێراق

نەوا-
سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراقی وەڵامی سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەداتەوە سەبارەت بە بەردەوامی پرۆسەكانی سوپای ئەو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان و تێیدا هاتووە، سەریان سوڕماوە لەو جۆرە لێدوانە بێ پاساوانە.
سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراقی لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، پەیوەندییەكی دووقۆڵی لەگەڵ ئێرانی هاوسێدا دەمانبەستێتەوە كە پەیوەندیەكە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیەكی باش بنیاد نراوە، لەماوەی دواییشدا لە هەموو ئاستەكاندا پەرەی پێدراوە، بەتایبەتی لایەنی ئەمنی و سەربازی.
ئەوەش هاتووە، سەرمان سوڕماوە لەو لێدوانانەی لەماوەی دواییدا لیوا محەمەد حسێن باقری سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی داویەتی، سەبارەت بە بوونی جوڵە لە خاكی عێراقەوە بەرامبەر ئێران.
بەپێی بەیاننامەكە، عێراق بە توندی بەكارهێنانی خاكەكەی دژی دراوسێكانی رەتدەكاتەوە و پابەندە بە باشی هاوسێیەتی و پەیوەندی برایانە لەگەڵ دەوڵەتانی دەوروبەر، بۆیە پێویستە هەموان پابەندبن بە زمانی برایانە و هاریكاری و پەیوەندییە هاوبەشەكان.
ئەمەش دوای ئەوەدێت، پێشتر لیوا محەمەد باقری داوای كرد حكومەتی عێراق دژی چالاكی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە لە ناو خاكی هەرێكی كوردستاندان هەنگاو هەڵگرێت، چونكە لەماوەی دواییدا چالاكییەكانیان زیاد كردووە و ئەمریكا و ئیسرائیل و هەندێك دەوڵەتی عەرەبی بە هاندانیان تۆمەتبار كردبوو، جەختی لەوەش كردبووەوە كە پرۆسە سەربازییەكانیان دژی ئەو گروپانە لەناو خاكی عێراقدا بەردەوام دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group