لوبنان.. پێکدادانی چەکداری لە بەیروت کوژراو و برینداری لیکەوتەوە

14/10/2021 جیهان

نەوا
لەئەنجامی هێرشی گروپێکی چەکداری نەناسراو بۆ سەر گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی حزبوڵا و بزوتنەوەی ئەمەل لە بەردەم دادگای بەیروت، کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرێکیان دەکرد، لانیکەم شەش کەس کوژران و 32 کەسیش برینداربوون.
حزبوڵای لوبنان لە راگەیەنراوێکدا چەکدارەکانی سەر بە حزبی هێزەکانی لوبنانی بەو هێرشە تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئەو حزبە مەسیحیە ئەو تۆمەتەی رەتکردوەتەوە.
نەجیب میقاتی سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە هۆی ئەو رووداوەوە رۆژی هەینی وەک رۆژی ماتەمینی گشتیی راگەیاندوە.
لای خۆیەوە میشڵ عەون سەرۆککۆماری لوبنان وێڕای ئیدانەکردنی توندوتیژیەکان رایگەیاندوە: رێگە نادەن هیچ گروپێک لە پێناو بەرژەوەنییەکانی خۆی وڵاتەکە بە بارمتە بگرێت.
جەختیشی کردەوە: چیتر نابێت زمانی چەک ببێتە زمانی گفتوگۆی نێوان گروپە رکابەرەکان لە لوبنان.
گردبوونەوەی لایەنگرانی حزبوڵا و ئەمەل دوای ئەوە هات کە دادوەری لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەکەی ساڵی رابردووی بەندەری بەیروت فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ دوو وەزیری پێشووی سەر بەو دوو لایەنە دەرکردبوو.
لایەنگرانی حزبوڵا و ئەمەل داوایان کردبوو کە دادوەری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەستلەکاربکێشێتەوە.
لەتەقینەوەکەی ساڵی رابردووی بەندەری بەیروت 219 کەس کوژرابوون و نزیکەی حەوت هەزار کەسیش بریندار ببوون و بە هەزاران بینا و خانووش رووخابوون و تائێستا لێکۆڵینەوەکان لەو رووداوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group