وەزارەتی بازرگانی: دەست بە دابەش كردنی سێیەم بەشە خۆراك دەكرێت

24/11/2021

نەوا-
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم ئاشكرای كرد، دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان بەردەوامە و سێیەم بەشە خۆراك لەماوەیەكی نزیكدا دەگات و دوای پشكنین دابەش دەكرێت.
نەوزاد شێخ كامیل رایگەیاندووە، دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان بەردەوامە و سێیەم بەشەخۆراك لەماوەیەكی نزیكدا دەگاتە هەرێمی كوردستان و دوای ئەوەی لەتاقیگەكان  پشكنینی بۆ دەكەن، بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت.
رونیشیكردووەتەوە، بەشەخۆراكی مانگانە ئێستا ماددەكانی زیادكراون كە شەش ماددەی خۆراكییەو بریتین لە "برنج، زەیت، فاسۆلیا، نۆك، دۆشای تەماتە و شەكر"، جگە لەوەش دەست بەدابەشكردنی ئاردیش دەكرێت كە بۆ هەر ئەندامێكی خێزان نۆ كیلۆیە.
سەبارەت بەو ناوچانەی تاوەكو ئێستا بەشە خۆراكی دووەم دابەش نەكراوە وتویەتی، بە زووترین كات ئەوەش دابەش دەكرێت و دواتریش بەشی سێیەم وەردەگرن، چونكە بەشی دووەم ئێستا رۆژانە بەردەوام دابەش دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group