شەپۆلێكی باران و بەفربارین روو لەهەرێم دەكات

29/11/2021

پێشبینی دەكرێت لە رۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.
لەوبارەیەوە بژار ئەكرەم لێپرسراوی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بە رادیۆی نەوای راگەیاند: هەرێمی كوردستان لەژێر كاریگەریی بەرزە پاڵەپەستۆیەكدایەو پێشبینی دەكرێت لە رۆژی چوارشەممەی داهاتوەوە كاریگەرییەكەی كەمبێتەوەو لەشوێنی ئەو نزمە پاڵە پەستۆیەك روو لەهەرێم بكات.
بژار ئەكرەم وتیشی: ئەو شەپۆلە لە رۆژی چوارشەممەوە كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت و سەرەتا لە كاتەكانی بەیانیدا  تا نیوەڕۆ ئاسمانی هەرێم نیمچە هەور دەبێت لەكاتەكانی ئێوارەدا بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت.
لەبارەی مانەوەی كاریگەریی شەپۆلەكە لێپرسراوی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، كاریگەریی ئەم شەپۆلەی روو لە ناوچەكە دەكات دەبێتەهۆی دابارینی باران لە تەواوی ناوچەكانمان  بەفریش لەسەر لوتكەی شاخە بەرزەكان دەبارێت و پلەكانی گەرماش چەند پلەیەك نزمدەبنەوە، رۆژی هەینییەوە لەكاتەكانی شەودا كاریگەریی شەپۆلەكە كۆتایی دێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group