ئاژانسی ئەنادۆڵ: میت فەرماندەی مەیدانی مەخمور- كەركوك- سلێمانی كوشتوە

23/05/2022

بەپێی هەواڵێك دەزگای هەواڵگری میتی توركیا بەرپرسی گشتی مەیدانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و هەپەگەیان لە موسڵ كوشتوە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ لەسەرچاوەیەكی ئەمنییەوە بڵاویكردۆتەوە كە لە ئۆپراسیۆنێكی دەزگای هەواڵگری توركیا كە بە میت ناسراوە، بەرپرسی گشتی مەیدانی پەكەكەو هەپەگەیان لەمەخمور-كەركوك-سلێمانی بەناوی (مەهمەت ئەردۆغان) كە ناوە نهێنییەكەی (ئەحمەد روبار) بوە لە موسڵ كوشتوە.
بەپێی زانیاریی ئاژانسەكە ئەردۆغان فەرمانی ئەنجامدانی چەند هێرشێكی كردوە لەساڵانی  1990 كە بەهۆیەوە ژمارەیەك مەدەنی و سەربازی توركیا گیانیانلەدەستداوەو بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ نەهێشتنی شیرازەی دەستورو تێكدانی یەكێتی و یەكپارچەیی توركیا داواكراو بوە.
ئاژانسەكە زانیاری زیاتری بڵاوكردۆتەوەو ئاماژەیكردوە، دەزگای میت بۆی دەركەوتوە مەهمەت ئەردۆغان لەساڵی 2021ـەوە وەك بەرپرسی مەخمور-كەركوك-سلێمانی دیارییكراوە لەكەمپی مەخمور بەناوی حاجی میرزا عەلی ژیاوە، دوای كۆكردنەوەی زانیاری هەواڵگرییش لە ناوچەكە، میت لە ئۆپراسیۆنێكدا لە 21-5 دا كوشتویەتی.
هەروەها بڵاویشكراوتەوە، ناوبراو بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرماندەیی هەپەگەش بوەو پلانداڕێژەری چەندین پەلاماری چەكداریی و تەقاندنەوەی بۆمب بوە لە توركیا، ماوەی ساڵانێكی زۆریش بەرپرسی پەكەكە بوە لە خواكوڕك و ئاڤاشین، كاتێك لەو ناوچانە بوە چەندین پلانی پەلاماری بۆ سەر توركیا داڕشتوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group