كەوتنەكاری كامێراكانی چاودێری تیژڕەوی لە سلێمانی رەتدەكرێتەوە

01/10/2022

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رەتیكردەوە كامێرا نوێیەكانی هاتوچۆ لە سلێمانی كەوتبنە كار، جەخت لەوەش دەكاتەوە كە هیچ وادەیەك بۆ كەوتنەكاری پڕۆژەكە دیار نییە. 
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانییەوە بە میدیاكانی وتووە، ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە كەوتنەكاری كامێراكانی چاودێری تیژڕەوی لە سلێمانی بڵاوكراونەتەوە راست نین و هیچ كامێرایەك نەكەوتووەتە كار.
بەپێی وتەی هەمان سەرچاوە، تاوەكو ئێستا ئەو پرسە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ماوە و هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ كەوتنەكاری كامێراكان و ناشزانن چی بڕیارێك لەو بارەیەوە دەدرێت.
ماوەی چەند ساڵێكە ژمارەیەك كامێرای چاودێری جێگیر لە شەقامەكانی سلێمانی دانراون و نەكەوتوونەتە كار، هەروەها لەماوەی رابردودا دانانی كامێرانی چاودێری تیژڕەوی جۆری "پۆینت تو پۆینت" لە سلێمانی و رێگە سەرەكییەكانی پارێزگاكە دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئەنجومەنی پارێزگاش دانانی ئەو كامێرایانەی لەبەر چەند هۆكارێك رەتكردەوە و پێیان وایە تەنها كێشانەوەی پارەیە لەلایەن كۆمپانیای تایبەتەوە لە هاوڵاتیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group