پەرلەمانتارێك: نرخی دۆلار حكومەتەكەی سودانی شەرمەزار كردووە

پێش 2 هەفتە عێراق

نەوا -
فەهد راشد ئەندامی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆ لار و دابەزینی دینار، حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی خستووەتە قەیرانێكی راستەقینە و شەرمەزاری كردووە.
فەهد راشد لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، سیاسەتی راستەقینەی داراییمان نییە و ئابوریی عیراق بەشێوەیەكی سەرەكی پشت بە نەوت دەبەستێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و دابەزینی دینار حكومەتەكەی سودانی خستووەتە قەیرانێكی راستەقینەوە و شەرمەزاری كردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، رێكەوتن لە نێوان بانكی فیدراڵی ئەمریكی و بانكی ناوەندی عیراقی هەیە بۆ ئەوەی چاودێری جوڵەی بازاڕی دراو بكەن، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە ئەستۆی پارێزگاری بانكی ناوەندی بوو چونكە مامەڵەی لەگەڵا ژمارەیەك بانكدا دەكرد كە زیاتر لە نیشانەی پرسیارێكیان لەسەر بوو لەلایەن ئەمریكاوە.
ئەو پەرلەمانتارە پێشی وایە، بانكی ناوەندی تەنها لە رێگەی رێكەوتن لەگەڵ ئەمریكا و پەیڕەو كردنی سیاسەتی نوێ سەركەوتوو دەبێت، هەروەها هەموان پشتگیری سودانی دەكەن و پێویستە چارەسەری راستەقینە بدۆزێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group