لە لیبیا بەهۆی روخانی بەنداوەكانەوە ناوچەی تەواو بە هەزاران كەسەوە راماڵراونەتە ناو دەریا

پێش 2 هەفتە جیهان

نەوا - 
بەهۆی زریان و لافاوەكەی ئەو وڵاتەوە كە بە زریانی دانیاڵ ناسراوە، یەك لەسەر چواری شاری درنە لە لیبیا بێسەروشوێن بووە و تەرمی قوربانیان بەهەموو لایەكدا بڵاوبوونەتەوە.
هشام شكیوات وەزیری فڕۆكەوانی مەدەنی حكومەتی لیبیی كە سەرۆكی لیژنەی فریاكەوتنی ئەو وڵاتە بەهۆی لافاوەكەوە رایگەیاندووە، داتایەكی دروست بۆ ژمارەی قوربانیانی زریان و لافاوەكە بەردەست نییە، دوای زریانەكە هەزاران تەرم لە شاری درنە هەڵگیراونەتەوە، بارودۆخەكە كارەساتبارە.
رونیشیكردووەتەوە، 25%ی شاری درنە دیارنەماوە و بێسەروشوێن بووە و ژمارەیەك زۆر تەلار رووخاون، زریانەكە بووەتە هۆی كارەسات لەو ناوچانە.
لای خۆشیەوە ئەحمەد مسماری وتەبێژی سوپای لیبیا رایگەیاندووە، كارەسات دوای ئەوە رویدا كە بەنداوەكان رووخان و بەهۆی ئەوەوە چەند ناوچەیەكی درنە بە تەواوەتی و بە دانیشتووانەكەیەوە راماڵران بۆ ناو دەریا، بەپێی داتاكان 5 بۆ 6 هەزار كەس بێسەروشوێنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group