نرخی فرۆشتنی یەك كارتی دەنگدان لە عیراق گەیشتووەتە 100 هەزار دینار

18/09/2023 عێراق

نەوا - 
نرخی كارتێكی دەنگدان لە ناوچە سونیەكان گەیشتووەتە 100 هەزار دینار و یەكێك لە كەسایەتییەكانی ئەنباریش حزبەكەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان بە كڕینی ئەو كارتانە تۆمەتبار دەكات.
ماڵپەڕی "المعلومە" لە زاری عەبدولستار دلێمی یەكێك لە كەسایەتییەكانی پارێزگای ئەنبارەوە بڵاویكردووەتەوە، بۆرسەی كڕینی كارتی دەنگدەران لەلایەن هەندێك لە پاڵێوراوەكانەوە كە سەربە حزبی "تقدم"ی محەمەد حەلبوسین لە 50 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە 100 هەزار.
رونیشیكردووەتەوە، نرخی كارتی دەنگدان لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی هەڵبژاردن زیاتریش دەكات، پاڵێوراوەكان ئەو چینانەیان كردووەتە ئامانج كە هەژارن و بێكارن یاخود داهاتیان سنوردارە، بەتایبەتی ئەو پاڵێوراوانەی كە دڵنیان سەرناكەون لە هەڵبژاردن هەڵمەتی كڕینی كارتی دەنگدانیان چڕ كردووەتەوە.
ئەو كەسایەتییە باسی لەوەشكردووە، هەندێك لە پاڵێوراوان لەكاتی كڕینی كارتەكاندا بەڵێنی ئەوە بە هاوڵاتیان دەدەن كە ئەگەر دەرچوون دایاندەمەزرێنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group